وەزارەتی بەرگریی عێراق کوژرانی فەرماندەی پەیوەندییەکانی فیرقەی 11ـی پیادە بە پلەی عەمید و کارمەندێکی دیکەی سوپای لە کاتی پشکنینی مۆڵگەیەکی داعش لە وادی زغەیتوونی کەرکووک بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوەوە ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، لیوا یەحیا ڕەسووڵ عەبدوڵڵا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: دوو کارمەندی سوپا لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی سەربازیدا کوژران، کە پێکهاتوون لە عەمید (ئاهات یاسر خزر حوسێن) فەرماندەی پەیوەندییەکانی فیرقەی 11ـی پیادەو (موعتەز شەهید عەباس) بە پلەی جێگری ئەفسەر.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەو دوو سەربازە لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی پشکنینی شوێنی هێرشێکی ئاسمانی بوون کە مۆڵگەیەکی تاقمە تیرۆریستییەکانی داعشی لە "وادی زغەیتوون" لە پارێزگای کەرکووک کردبووە ئامانج، لە چوارچێوەی سنووری بەرپرسیارێتیی فیرقەی ناوبراودا و لە کاتی ئەرکەکەیاندا بۆمبێکی چێندراوی پاشماوەی تیرۆریستانی داعش پێیاندا تەقیوەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.