Erbil 31°C چوارشەممە 14 تشرینی یەکەم 13:23

عێراق ئاماری هاوسەرگیری و جیابوونەوەی مانگی ئەیلوول بڵاودەکاتەوە

100%

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماری مانگی ئەیلوولی ڕابردووی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 35 هەزار گرێبەستی هاوسەرگیری و زیاتر شەش هەزار و 700 حاڵەتی جیابوونەوە (تەڵاق) تۆمار کراون.

ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: کۆی گشتیی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا گەیشتووەتە (35,440) گرێبەست، لە کاتێکدا حاڵەتەکانی جیابوونەوە گەیشتووەتە (6,741) حاڵەت لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا بێجگە لە هەرێمی کوردستان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: شاری بەغدای پایتەخت لە پێشەنگی لیستی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری و حاڵەتەکانی جیابوونەوەدا بووە، بە جۆرێک دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەغدا/ڕەسافە (4,740) گرێبەستی هاوسەرگیری و (1,331) حاڵەتی جیابوونەوەی تۆمار کردووە، هەروەها دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەغدا/کەرخ (4,198) گرێبەستی هاوسەرگیری و (1,184) حاڵەتی جیابوونەوەی تۆمار کردووە، لە دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە تۆمارکردنی (4,055) گرێبەستی هاوسەرگیری و (678) حاڵەتی جیابوونەوە.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئاماژەی بەوەش کردووە، دادگەکانی دیکەی تێهەڵچوونەوە لە پارێزگاکانی عێراق، بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی جیاوازیان لە تۆمارکردنی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری و دۆسیەکانی جیابوونەوەدا لەو ماوەیەدا بەدەست هێناوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.