Erbil 31°C چوارشەممە 14 تشرینی یەکەم 12:29

مەسرور بارزانی: پێویستە شایستە داراییەکانی پێشمەرگە هاوشێوەی هێزە فیدراڵییەکان دابین بکرێت

100%

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە فەرمانێکدا، وەزارەتی دارایی و شاندی دانوستانکاری هەرێمی ڕاسپارد کار بۆ جێگیرکردنی مووچە، پڕچەککردن و خەرجییەکانی پێشمەرگە لە ناو بودجەی سیادیی 2027ـی عێراقدا بکەن، بە شێوەیەکی یەکسان لەگەڵ هێزە فیدراڵییەکاندا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە: بە مەبەستی مسۆگەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە فەرمانێکی فەرمیدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی باڵای دانوستانکاری هەرێمی ڕاسپارد بۆ ئەوەی کار بکەن لە پێناو جێگیرکردنی خەرجییەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجەی گشتیی فیدراڵیدا.

بەپێی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە (12,649) لە ڕێکەوتی 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پشکی خۆی لە بودجەی فیدراڵییەوە بەشداری دەکات لە دابینکردنی خەرجییە سیادییەکان، کە خەرجییەکانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە.

لە نووسراوەکەدا هاتووە: پێویستە لە دانوستانەکانی بودجەی فیدراڵیی ساڵی (2027)ـدا، کار بکرێت بۆ دابینکردنی مووچە، دەرماڵە و تەواوی شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە (لەوانەش پڕۆژەکان، ڕاهێنان و پڕچەککردن) بە پێوەرێکی تەواو یەکسان هاوشێوەی هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدراڵیدا.

هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردووەتەوە، بە مەبەستی داکۆکیکردن لەم داواکارییە لە سەرجەم قۆناغەکانی ئامادەکردن و پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2027دا.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.