سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وەڵامی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای لەبارەی بەئاگاهاتنەوەی ڕۆژئاوا دایەوە و هۆشداری دا کە هەر کەسێک شوێنپێی داگیرکەرانی مێژوو هەڵبگرێت، لە ئاست گەلی ئێراندا بە ناچاری دەهێنرێتە سەر ئەژنۆ.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" وەڵامی لێدوانەکانی مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای دایەوە و ڕایگەیاند: گەلی ئێران لە مێژوودا بەردەوام بەرەنگاری ئەو لایەنانە بووەتەوە کە بە خەیاڵی خۆیان دەیانویست شارستانییەتە دێرینەکان بسڕنەوە، هاوکات هۆشداری دا کە ئەو وڵاتانەی بە ئاگر و تووڕەییەوە هاتوونەتە سەر ئێران، لە کۆتاییدا بە زەلیلی و شەرمەزاری پاشەکشەیان کردووە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، هەر کەسێک بیەوێت شوێنپێی داگیرکەرانی مێژوویی هەڵبگرێت، بە چارەنووسی "ڤالێریان" دەگات کە لە ئاست گەلی ئێراندا بە ناچاری هێنرایە سەر ئەژنۆ. ئەم پەیامەش وەڵامێک بوو بۆ قسەکانی مارکۆ ڕۆبیۆ، کە باسی لە هەڵگیرساندنەوەی بڵێسەی شارستانییەتی یۆنانی کۆن و بەئاگاهاتنەوەی ڕۆژئاوا کردبوو.
ئەم ناکۆکییە سیاسی و مێژووییەی نێوان هەردوولا لە کاتێکدایە کە ململانێی دەیان ساڵەی نێوان واشنتۆن و تاران بەهۆی کێشە سیاسییەکانەوە گەیشتووەتە قۆناغێکی مێژوویی زۆر هەستیار، قالیبافیش لە ڕێگەی ئەم قسانەیەوە پەیامی بەرگری و خۆڕاگریی ئێران دووپات دەکاتەوە بەرامبەر بەو لێدوانانەی کە بە ڕەهەندی شارستانی و مێژوویی ئاراستەی تاران دەکرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.