Erbil 31°C یەکشەممە 04 تشرینی یەکەم 11:34

عێراق.. وەرزی نوێی خوێندن لە قوتابخانەکان دەستیپێکرد

100%

بە بەشداریی زیاتر لە 12 ملیۆن قوتابی و کردنەوەی 124 قوتابخانەی نوێ، ئەمڕۆ ساڵی نوێی خوێندن لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانەکان دەستیپێکرد. لەم بارەیەوە ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی عێراق (واع) بڵاوی کردووەتەوە: وەزارەتی پەروەردە سەرجەم ئامادەکارییە پێویستەکان و دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکانی بۆ پێشوازیکردن لە قوتابییان تەواو کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی فەرمیی عێراق، ژمارەی قوتابییان گەیشتووەتە زیاتر لە 12 ملیۆن قوتابی کە لەنێویاندا زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار قوتابی تەنیا لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتین، هاوکات بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی، 124 باڵەخانەی قوتابخانەی نوێ خراونەتە خزمەت و دەرگایان بەڕووی قوتابییاندا کراوەتەوە.

پێشتریش وەزارەتی پەروەردەی عێراق ڕۆژی یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی وەک وادەی دەستپێکردنی دەوامی فەرمی دیاری کردبوو، هەروەها ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکاندا زیاتر لە یەک ملیۆن پەرتووکی خوێندن گەیشتوونەتە کۆگاکان بۆ ئەوەی بەسەر بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکاندا دابەش بکرێن.

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پەروەردەی عێراقیشدا هاتووە کە بەڕێوەبەرایەتیی کۆگا ناوەندییەکان، سەرجەم هەوڵەکانی خستووەتە گەڕ بۆ وەرگرتنی کاروانە نوێیەکانی پەرتووکی خوێندن و دابەشکردنی بەسەر سەرجەم قوتابخانەکاندا.
 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.