سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆتاییهاتنی فەرمیی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانیان (لە وشکانی، ئاسمانی و دەریایی) ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەم، عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، عێراق گەیشتووەتە سەروەرییەکی تەواو و گشتگیر و ئەم دەستکەوتە بە فەزڵی ڕۆڵی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی و قوربانیدانی گەل و هێزە ئەمنییەکان بەدیهاتووە کە لە سەرەتای جەنگی دژی داعشدا ڕۆڵیان هەبووە.
سەرۆک وەزیران چەند بڕیارێکی گرنگی بۆ قۆناغی داهاتوو ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند ڕۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2026 بە دەستپێکی جیددی بۆ چارەسەرکردنی پرسی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت دادەنرێت. حکوومەت نەخشەڕێگایەکی ڕوونی دەبێت بە خشتەی کاتییەوە کە لە 30ی حوزەیرانی 2027 تێپەڕ نەکات.
عەلی زەیدی ڕاشیگەیاند، حکوومەت کار دەکات بۆ چەککردنی تەواوەتیی ئەو کۆمەڵە چەکدارانەی کە نا عێراقین و لەسەر خاکی عێراق بوونیان هەیە. هەروەها حکوومەت دەست بە دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی تەواو دەکات بۆ پاراستنی سەروەریی ئاسمانیی عێراق.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا: یاسای حەشدی شەعبی هەموار دەکرێت بۆ چەسپاندنی پێگەیان لە سیستەمی ئەمنیدا، وەک بەشێکی دانەبڕاو لە هێزە چەکدارەکان لەژێر فەرماندەیی فەرماندەی گشتی.
عەلی زەیدی جەختی کردەوە کە عێراق پابەندە بە ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاک و ئاسمانی بۆ هەر کارێک کە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بخاتە مەترسییەوە، هەروەها ڕەتیکردەوە خاکی عێراق وەک مۆڵگەیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر هەر وڵاتێک بەکاربهێنرێت.
کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان و ئەم بەیاننامەیەی زەیدی، وەک دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە مێژووی عێراق دەبینرێت، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بنیاتنانی داهاتوویەکی سەقامگیرە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.