پۆلیسی سۆران ئەمڕۆ دووشەممە دەستگیركردنی دوو تۆمەتباری رایگەیاند كە بەیەكەوە حەوت گۆلكیان لە شاری هەولێر دزی بوو و هێنابوویانە شاری سۆران و لە شوێنێكدا حەشاریاندابوو بۆ ئەوەی دواتر سەریان ببڕین.
پۆلیسی سۆران رایگەیاند: لەلایەن بنکەی پۆلیسی تۆڕەق لە شاری هەولێر ئاگادارکراینەوە کە لە ڕێکەوتی 25/9/2026 حەوت دانە ڕەشەوڵاخ (گۆلک) دزراون و گومان دەكرێت هێنرابن بۆ شاری سۆران.
راشیگەیاند: دەستبەجێ مەفرەزەکانی پۆلیس بەدواداچوونیان بۆ بابەتەکە کرد و لە ماوەیەکی کەمدا توانرا شوێنی ڕەشەوڵاخەکان دەستنیشان بکرێت کە لە شوێنێکدا لە شاری سۆران حەشاردرابوون بۆ ئەوەی دواتر سەرببڕێن.
پۆلیسی سۆران هەروەها رایگەیاند: دوای دۆزینەوەی شوێنەكە دەست بەسەر ڕەشەوڵاخەكاندا گیرا، لەکاتی دەستبەسەرداگرتنەكەدا توانرا دوو تۆمەتبار دەستنیشان بکرێن بە ناوەکانی (و. غ. ح) و (ی. ز. ع) کە هەردووکیان دانیشتووی دەرەوەی ئیدارەی سۆرانن.
ئاماژەی بەوەش دا كە تۆمەتبارەكان لە لێکۆڵینەوەكاندا دانیان بە تاوانەکانیان داناوە کە بە گوتەی خۆیان ڕەشەوڵاخەكانیان لە شاری هەولێر دزیوە و هێناویانەتە سۆران.
جەختیشی كردەوە كە هەردوو تۆمەتبارەكە ئێستا دەستگیركراون و هەر حەوت ڕەشەوڵاخەکەش ڕەوانەی بنکەی پۆلیسی تۆڕەق کراونەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.