وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردەوە کە پابەندی مەرجەکانی وەرگرتن بن، هاوکات وەرگرتنی قیستی کرێی خوێندنی لە قوتابییان پێش ڕاگەیاندنی فەرمیی ناوی وەرگیراوان قەدەغە کرد.
بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی تایبەت لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، لە گشتاندنێکدا بە ژمارە (16517) کە لە ڕێکەوتی 27ـی ئەیلوولی 2026 دەرچووە، سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی لەبارەی ڕێکارەکانی وەرگرتنی قوتابییان بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئاگادار کردەوە.
لە گشتاندنەکەدا هاتووە: پاڵپشت بە مەرج و پێوەرەکانی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) بە نووسراوی ژمارە (15900) لە ڕێکەوتی 16ـی ئەیلوولی 2026، پێویستە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان پابەندی تەواوی مەرج و پێوەرەکانی وەرگرتن بن لە ناوەندەکانیاندا.
وەزارەتی خوێندنی باڵا هۆشداری داوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک قیستی کرێی خوێندن لە هیچ قوتابی و خوێندکارێک وەربگیرێت، پێش ئەوەی ناوی وەرگیراوان بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە ڕابگەیەنرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.