Erbil 31°C دووشەممە 28 ئەیلوول 22:48

شارەوانیی هەولێر شۆفێری بارهەڵگرێکی سەرپێچیکاری بە گواستنەوەی 350 کاروان پاشماوە سزا دا

100%

بەهۆی فڕێدانی پاشماوەی بیناسازی لە شوێنی قەدەغەکراودا، تیمەکانی شارەوانیی هەولێر سزایەکی مەیدانییان بەسەر شۆفێری بارهەڵگرێکدا سەپاند، کە بریتی بوو لە خاوێنکردنەوەی گۆڕەپانێکی گەورە لە ڕێگەی بارکردن و فڕێدانی نزیکەی 350 کاروان پاشماوە و زبڵ.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: لە چوارچێوەی بەدواداچوون و چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکان و ڕێگریکردن لە زێدەڕۆیی و پیسکردنی ژینگەی شار، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی یەک و پۆلیسی شارەوانی، بارهەڵگرێکی سەرپێچیکاریان دەستنیشان کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بارهەڵگرەکە بە شێوەیەکی سەرپێچی و دوور لە ڕێنماییەکانی شارەوانی، پاشماوەکانی خۆڵ و خاشاکی بیناسازی لەسەر شەقامێکی گشتی و لە شوێنێکی قەدەغەکراودا فڕێ دابوو، بۆیە لەگەڵ دەستنیشانکردنی شوێنی بارهەڵگرەکە، دەستبەجێ کەسی سەرپێچیکار لەلایەن تیمەکانەوە ڕووبەڕووی سزا کرایەوە.

شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش داوە، شۆفێرەکە لە بەرامبەر ئەو کارەیدا سزایەکی مەیدانی درا، ئەویش بە خاوێنکردنەوەی گۆڕەپانێکی گەورە لە گەڕەکی منارە لە تەنیشت دیوانی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لە ڕێگەی فڕێدانی نزیکەی (350) کاروان قەلابە لە زبڵ و پاشماوە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.