بانکی ناوەندیی عێراق ئەمڕۆ شەممە جەختی کردەوە کە یەدەگی دراوی بیانیی وڵاتەکە بە ڕادەی پێویستە بۆ پڕکردنەوەی هەموو داواکارییەکان لەسەر دۆلار، بەتایبەت بۆ بازرگانیی دەرەکی و گەشتیاران.
لە بەیاننامەیەکدا، بانکی ناوەندی وەڵامی ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی دایەوە کە باس لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و خاوبوونەوەی بازاڕ دەکەن. بانکەکە ڕایگەیاند: یەدەگی دراوی بیانیی ئێمە بەشی ئەوە دەکات کە هەموو داواکارییەکان بۆ کڕینی دۆلار پڕ بکەینەوە؛ چ بۆ بازرگانیی دەرەکی بێت، یان بۆ گەشتیاران، یان بۆ کارتی بانکی، ئەوەش بە نرخی فەرمیی دیاریکراو.
بانکی ناوەندی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە وەکو؛ هەندێک لایەنی سوودمەند بەکارهێنانی دۆخی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکەیان کردووەتە بیانوو بۆ تێکدانی بارودۆخی ئابووری و دارایی. هەروەها بوونی هەندێک پێشبینیی نادروست کە کاریگەرییان لەسەر خەڵک داناوە.
بانکەکە دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی دراوی بیانی بۆ بازرگانیی دەرەکی بەپێی ئەو کەناڵە فەرمییانەی دیاریکراون، ئەمەش بۆ ئەوەی هاوردەکردنی کاڵاکان بەردەوام بێت و پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ دابین بکرێت.
لە کۆتاییدا، بانکی ناوەندیی عێراق داوای لە هاووڵاتییان کرد تەنیا پشت بە زانیارییە فەرمییەکان ببەستن و نەکەونە ژێر کاریگەریی هەواڵە ناڕاستەکانی سەرچاوە نەمتمانەپێکراوەکان. هاوکات لینکێکی فەرمیی بۆ تۆمارکردنی سکاڵا و تێبینییەکان خستە ڕوو https://complaint.app.cbi.iq/بۆ هەر سەرپێچییەک کە لە بازاڕدا دەبینرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.