Erbil 31°C شەممە 19 ئەیلوول 18:35

سێنتکۆم: لە 2 مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 1 ملیار بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە

100%

ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM)، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، لە ماوەی 2 مانگی ڕابردوودا، هێزەکانیان پشتیوانیی گواستنەوەی زیاتر لە 1 ملیار بەرمیل نەوتی خاویان لە وڵاتانی کەنداوەوە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە کردووە.

بە گوتەی کوپەر، ئەم دەستکەوتە لە ڕێگەی دابینکردنی پاراستنی هەماهەنگ بۆ زیاتر لە 2000 کەشتیی بازرگانی بەدی هاتووە. ناوبراو جەختی کردەوە کە ڕێڕەوە سەرەکییەکانی هاتوچۆ لە گەرووەکەدا لە مین پاککراونەتەوە و ڕێژەی هاتوچۆی نەوت، کەلوپەل و گازی سروشتیی شل (LNG) لە 2 هەفتەی ڕابردوودا بەراورد بە 6 مانگی پێشوو، گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.

فەرماندەی سێنتکۆم جەختی کردەوە کە بەهۆی گەمارۆی توندی ئەمریکاوە، ئێران تەنانەت یەک بەرمیل نەوتیشی هەناردە نەکردووە. ناوبراو ئاماژەیبەوەش کرد کە سێنتکۆم بە هاوکاریی 6 وڵاتەکەی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، کۆمپانیاکانی بیمە و کەشتیوانی، بەردەوامە لە زیادکردنی قەبارەی هاتوچۆ لە گەرووی هورمزدا.

کوپەر ئەوەشی خستەڕوو کە هێزەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە ناوچەکەدا کار بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی دەکەن. هەروەها یەکەیەکی نوێی هاوپەیمانییان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی درۆن پێکهێناوە، بە ئامانجی ئەوەی گەرووی هورمز و ئاوەکانی دەوروبەری بە کراوەیی و ئارامی بمێننەوە.

لە کۆتاییدا، ئەدمیراڵ براد کوپەر ستایشی ئاستی بەرزی پیشەیی و تەمەنی گەنجی ئەو کارمەند و سەربازە ئەمریکییانەی کرد کە لە ناوچەکەدا ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن، لەوانەش فڕۆکەوانان، شارەزایانی لۆجستی، هەواڵگری و بەرگریی ئاسمانی، و داوای لێکردن بەردەوام بن لە سەرنجدان و ئەنجامدانی کارە نایابەکەیان.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.