Erbil 31°C شەممە 19 ئەیلوول 09:52

پاکستان.. ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی سەر بارەگای پۆلیس بۆ 31 کەس بەرز بووەوە

100%

لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری و تەقینەوەیەکی خۆکوژی بۆ سەر بارەگای گشتیی مێژوویی پۆلیس لە باکووری پاکستان، لانی کەم 31 کەس کوژران کە 16ـیان کارمەندی پۆلیسن و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەمڕۆ شەممە 19ـی ئەیلوول، بەرپرسێکی پۆلیسی پاکستان بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ـی ڕاگەیاند: "تا ئێستا لەم هێرشە چەکدارییە و تەقینەوە خۆکوژییەدا لانی کەم 31 کەس کوژراون کە 16ـیان پۆلیسن، هەروەها زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون و شەڕ و پێکدادانەکانیش بەردەوامن".

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، تەقینەوەکە پاشنیوەڕۆی دوێنێ هەینی لە حەوشەی بارەگای مێژوویی پۆلیسی شاری کۆهات لە ویلایەتی خەیبەر پەختونخوا ڕوویداوە، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 220 هەزار کەس دەبێت.

ئەو کۆمەڵگەیەی کراوەتە ئامانج، بارەگای گشتیی پۆلیسە لەسەر ئاستی ناوچەکە، نووسینگە سەرەکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هۆبەی تایبەت و چەندین یەکەی دیکەی سەر بە پۆلیس لەخۆ دەگرێت.

بەرپرسێکی پۆلیسی شارەکە گوتی: "ژمارەیەک لە هێرشبەران کە ژمارەیان نادیارە، لە ناو بەشی هۆبەی تایبەت لە کۆمەڵگەی پۆلیسی کۆهاتدا خۆیان حەشار داوە و لە درەنگانی شەوی ڕابردووەوە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە".

شایانی باسە، تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە. 
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.