وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بە فەرمی سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە لە هەندێک میدیا و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە دەنگۆی ئەگەری هێرشی سعوودییە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە ناوخۆی عێراقدا.
وەزارەتی بەرگریی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ئەو دەنگۆ و زانیارییانەی لەبارەی ئەگەری هێرشی سعوودییە بڵاوکراونەتەوە دوورن لە ڕاستییەوە و پشت بە هیچ بەڵگەنامە یان سەرچاوەیەکی فەرمی نابەستن کە لە وەزارەتی بەرگرییەوە دەرچووبێت.
وەزارەتەكە هەروەها داوای لە سەرجەم دەزگا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کردووە کە دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە زانیارییە ناڕاستانە، بەهۆی ئەوەی دەبنە هۆی چەواشەکردنی ڕای گشتی و دروستکردنی پشێوی.
هاوکات جەختیشی لەسەر پێویستیی ڕەچاوکردنی وردبینی لە گواستنەوەی هەواڵەکان کردۆتەوە و داوای کردووە تەنیا سەرچاوە فەرمییەکانی وەزارەتەكەیان لەوانە ماڵپەڕی فەرمی و لاپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بکەنە سەرچاوە بۆ وەرگرتنی هەر هەواڵ و زانیارییەک کە پەیوەندی بە بوارەکانی ئاسایش و سەقامگیرییەوە هەبێت.
لە كۆتاییەكانی مانگی تەمووزی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی سعوودییە هێرشیان كردە سەر چەند بارەگایەكی حەشدی شەعبی لە ناوخۆی عێراقدا، لە ئەنجامی هێرشەكان 20 ئەندامی حەشدی شەعبی كوژران و زیاتر لە 30ی دیكەش بریندار بوون.
وەزارەتی بەرگریی سعوودییە دوای هێرشكە رایگەیاندبوو، ئەم هێرشەیان وەك وەڵامێك بووە بۆ هێرشەكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەكانی وڵاتەكەیان و هێزەكانی ئەمریكا لەو وڵاتەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.