دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری 7 ساڵ زیندانیکردن بۆ بەها نووری ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران دەركرا بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی گەندەڵی و كۆكردنەوەی داهاتی نایاسایی و دەوڵەمەندبوون بەشێوەی ناڕەوا، جگە لەوەش تۆمەتبارەكە پابەندکراوە بە گەڕاندنەوەی زیاتر لە 40 ملیار دینار.
دەستەی دەستپاکی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بڕیاری سزادانی 7 ساڵ زیندانیکردن بۆ تاوانبار (بەهائەدین نوور محەمەد حوسێن) دەرکرد، بڕیارەكەش بەپێی ماددەی 19 لە یاسای دەستەی دەستپاکی و یاسای دەوڵەمەندبوونی نایاسایی ژمارە (30ی ساڵی 2011)ی هەموارکراو دەرچووە.
هەروەها رایگەیاندووە: جگە لە زیندانیكردن، دادگە بڕیاریشی داوە كە تاوانبار پابەند بکات بە گەڕاندنەوەی بڕی داهاتە نایاساییەکەی کە بریتییە لە زیاتر لە 5 ملیار و 887 ملیۆن دیناری عێراقی لەگەڵ 10 ملیۆن 990 هەزار دۆلاری ئەمریكی.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش داوە كە دادگا بڕیارێکی دیکەی بە زیندانیکردنی توند بۆ ماوەی سێ ساڵ بۆ تاوانبار دەرکردووە بەهۆی تاوانی شاردنەوەی زانیاری لەسەر سەرمایە و دارای تایبەتەكان بە خۆی، هەروەها بڕیاردراوە بە جێبەجێکردنی قورسترین سزا بەسەریدا و پشتڕاستکردنەوەی دەستبەسەرداگرتنی گواستراوە و نەگواستراوەکانی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.