لە ئەنجامی داڕمانی کانێکی زێڕ لە ویلایەتی "خۆرئاوای کوردەفان" لە سوودان، لانیکەم 60 کرێکار گیانیان لەدەست دا و بەهۆی دژواریی ڕەوشەکەوە، هێشتا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی دیکە نادیارە و مەترسیی بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان هەیە.
ڕووداوەکە لە کانی "زەرع" لە نزیک شاری "نوهود" ڕوویداوە. بەپێی زانیارییەکان، تا بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە تەرمی 60 کەس لەژێر داروپەردووی کانەکە دەربهێنن.
یەکێک لە ڕزگاربووانی ڕووداوەکە بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ـی ڕاگەیاندووە: "دۆخەکە زۆر دژوارە، نازانین چەند کەسی تر لەژێر خاکدا ماون. هەوڵەکان بۆ دەرهێنانی قوربانییەکان بەردەوامن، بەڵام پێویستمان بە ئامێری قورس هەیە بۆ لابردنی بەرد و خۆڵ."
ئەم کارەساتە لە کاتێکدایە کە لە نیسانی 2023ـەوە سوودان تووشی شەڕێکی ناوخۆیی بووە لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کە بووەتە هۆی داڕمانی ئابووریی وڵاتەکە و بێکارییەکی زۆر. ئەمەش ناچاری کردووە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی سوودان پەنا بۆ کاری مەترسیدار و هەڵکۆڵینی نایاسایی زێڕ ببەن.
بەپێی زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دۆخی مرۆیی لە سوودان بە ئاستێکی مەترسیدار گەیشتووە، بە جۆرێک نزیکەی 20 ملیۆن کەس ڕووبەڕووی برسیەتییەکی سەخت بوونەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.