هونه‌رمه‌ند وليه‌م يوحه‌ننا ...(1934_14/9/2005)
ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ى هه‌موو ژيانى به هونه‌ر و فێرکردنى موزیک به‌خشى...!
له‌ڕۆژگارێكدا مامۆستا و هونه‌رمه‌ند و نووسەر ( ئەندریۆس ئیسرائیل خەمۆ ناسراو بە باکوورى 5/11/1928 کۆیە _ 2/11/2022 هەولێر ) به‌پێشه‌نگ و فێركار و دامه‌زرێنه‌رى تيپى موزيك له‌شارى كۆيه ناسراوەو وانه‌ى موزيكى بەمنداڵانى شارەجوانەکەى کۆیە دەووتەوەو فێرى موزیکى دەکردن و له‌خه‌مى دامه‌زراندنى تيپى موزیک‌دا بوو ، به‌هه‌مان شێوه مامۆستا وهونه‌رمه‌ند ( وليه‌م يوحه‌ننا) به‌پێشه‌نگ و مامۆستا و دامه‌زرێنه‌رى تيپى موزیک له‌شارى سلێمانى ناوده‌برێت و خاوه‌نى فێرگه‌يه‌ك بووه كه چه‌ندين مامۆستا و هونه‌رمه‌ندى ژه‌نيارى پێگه‌ياندووه كه‌ئێستا هه‌ريه‌كه‌يان هونه‌رمه‌ندێكى به‌رز و بەتواناى نه‌ته‌وه‌كه‌مانن .
له‌هه‌رگۆشه‌يه‌كه‌وه له‌ژيانى ئه‌و مامۆستا به‌هره‌مه‌ند و هونه‌رمه‌نده ( وليه‌م يوحه‌ننا) بڕوانين لێوان لێوه له زانست و به‌خشين و میهرەبانى و فيركردنى موزیک بۆمنداڵان و قوتابيانى ئه‌و كاته‌ى شارى سلێمانى و كاراكته‌رێكى به‌رزى نێو دنياى موزیک و ئاوازى كوردييه .
ئه‌م كه‌سايه‌تيه دڵسۆز‌و خه‌مخۆره بۆ هونه‌رى موزیک چۆن بۆته فريشته‌يه‌ك و ئه‌و عه‌شقه‌ى بۆ موزیک له‌ناخيدا هه‌يبووه و ده‌بێت ده‌رچووى كامه قوتابخانه‌ى هونه‌رى بوو بێت؟
سرووشته جوان دڵڕفێنه‌كه‌ى كوردستان ، ده‌نگى خۆشى گۆرانيبێژه نه‌مره‌كان و شمشاڵژه‌نينى باوكى و هونه‌رى خاڵه‌كانى كه هه‌موويان هونه‌رمه‌ند و هانده‌رى بوون له‌پێگه‌ياندنى ، وليه‌م يش ڕێبوارێكى به‌ئه‌مه‌ك و چوست و چالاكى ئه‌و ڕێگا پيرۆزه‌ى هونه‌ر بووه.
ماڵباتى هونه‌رمه‌ند له‌بنه‌ڕه‌تدا خانه‌واده‌يه‌كى ئاشوورين، ئايينزاى ( مه‌سيحى ) ين و خه‌ڵكى ده‌و‌روبه‌رى شارى ( وان ) ن له‌باكورى كوردستان، له‌دواى جه‌نگى جيهانيي يه‌كه‌م(1914_1918) ، له‌لا‌يه‌ن ده‌سه‌ڵاتى توركه‌وه ( ئاشوورى و ئه‌رمه‌نييه‌كان ) به‌رلێشاوى پاكتاوكردنى ڕه‌گه‌زى ده‌كه‌ون ، باوكى هونه‌رمه‌ند وليه‌م، ناوى
(يوحه‌ننا خنانيشۆ) بووه كه له‌شارى وان له‌دايكبووه ، بۆڕزگاربوون له‌و پاكتاوى ڕه‌گه‌زييه ، خۆى ده‌گه‌يه‌نێته شارى ( ورمێ ) له‌ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان ،دواتر به‌ره‌و شارى (كرماشان) ماوه‌يه‌ك له‌وێ ده‌مێنێته‌وه ، خانه‌واده‌ى ( يوحه‌ننا خنانيشۆ ) ڕوو ده‌كه‌نه عێراق و له‌شارى به‌عقوبه له خێوه‌تگايه‌ك نيشته‌جێ ده‌بن ،
؟؟؟؟
له‌گه‌ڵ بوونى به‌مه‌ليكى عێراق ( فه‌یسه‌ڵ حسێن هاشم ، ناسراوبه مه‌لیك فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌م) وه‌ك پادشای عێراق له‌ڕێکەوتى ( 11/7/1921) دیاری ده‌كرێت، له‌ماوه‌ی (12) ساڵ له‌حوكمڕانی عێراق ، یه‌كێك له‌بڕیاره‌كانی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ له‌وسه‌رده‌مه‌دائه‌وه بووه كه ئاشووری و مه‌سیحیه‌كان وه‌ك هاوڵاتی عێراقی ئه‌ژماربكرێن و له‌هه‌ر شوێنێك پێیان خۆشه ده‌توانن درێژه به‌ژیانی ئاسایی خۆیان بده‌ن، دیاره دوای ده‌رچوونی ئه‌و بڕیاره‌و ڕزگاربوون له ژیانی ئۆردوگا، خانەوادەى (يوحه‌ننا خنانيشۆ) ڕوودەکەنە شارى موصڵ و له‌وێ نيشته‌جێ ده‌بن.
يوحه‌ننا خنانيشۆ له‌ساڵى (1932) ژيانى هاوسه‌رى له‌گه‌ڵ خاتوو ( نه‌جيبه) ، كه له خانه‌واده‌يه‌كى مه‌سيحى ناسراوى شارى موصڵ ن به‌ناوى ( الوكيل) پێك دێنێت (1).
باوكى هونه‌رمه‌ند وليه‌م ، لەسەر میلاکى وەزارەتى ناوخۆ دادەمەزرێت و ده‌بێته پۆليس، له‌هه‌مان ساڵدا (1932) شارى موصڵ به‌جێ دێڵيت و ڕووده‌كاته شارى سلێمانى و له‌گه‌ڕه‌كى ( گۆيژه) بۆ هه‌ميشه بارگه‌ى ده‌خات و له‌هه‌وارێكى نوێ و له‌شارێكى نوێ‌دا درێژه به‌كارو به‌ژيان ده‌دات .
له‌دواى دووساڵ له‌ژيانى هاوسه‌رى ( يوحه‌ننا و نه‌جيبه خان) په‌روه‌ردگارى مه‌زن كوڕێك يان پێ ده‌به‌خشێت و ناوى ده‌نێن( وليه‌م)، وليه‌مى فريشته و هيوا به‌خش بۆ ئاينده‌ى منداڵانى گه‌ڕه‌ك و شاره‌كه‌ى .
كه‌واته وليه‌م يوحه‌ننا زاده‌ى خانه‌واده‌يه‌كى مه‌سيحى يه و له‌گه‌ڕه‌كى گۆيژه‌ى شارى سلێمانى له‌ساڵى (1934) چاوى به‌دنيا هه‌ڵهێناوه، وليه‌م منداڵێكى هێمن و له‌سه‌رخۆبووه، ڕۆژانه گوێي و هه‌ستى به‌سۆزى شمشاڵه‌كه‌ى باوكى ئاودراوه ،له‌ساڵى (1938) تا (1940) پێش ئه‌وه‌ى بخرێته به‌رخوێندنى سه‌ره‌تايي، وليه‌مى منداڵ له‌باخچه‌ى ساوايانى ئه‌رمه‌نى دايده‌نێن ، دواى ئه‌و دووساڵه ده‌خرێته‌به‌رخوێندن له‌قوتابخانه‌ى( فه‌يصه‌ڵييه 1934_1958) ، قۆناغى سه‌ره‌تايي له‌وێ ته‌واو ده‌كات، درێژه به‌خوێندن ده‌دات له ناوه‌ندى كوڕانى سلێمانى، تاساڵى (1952) له‌په‌يمانگاى هونه‌ره جوانه‌كانى به‌غداد وه‌رده‌گيرێت، باوكى له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خۆى ژه‌نيارى شمشاڵ بووه و حه‌زى لەموزیک بووه ، زۆرى پێخۆش بووه كه ولیەمى کوڕى له‌به‌غدا وانه‌ى موزيك ده‌خوێنێ.
له‌په‌يمانگا وانه‌ى موزيك به‌شێوه‌ى زانستى ده‌خوێنێ و فێرده‌بێت له‌سه‌ر ده‌ستى مامۆستايانى هونه‌رمه‌ند ( جه‌ميل به‌شير ، مونير به‌شير ، جه‌ميل سه‌ليم و ڕۆمى ئه‌لخه‌ماش) وليه‌مى به‌هره‌مه‌ند و پڕ ووزه توانيويه‌تى ئه‌و قۆناغه به‌سه‌ركه‌وتويي ببڕێت و له‌ساڵى (1955) بڕوانامه‌ى (دبلۆمى هونه‌رى ) له‌بوارى موزيك به‌پله‌ى باڵا به‌ده‌ست بهێنێت، هونه‌رمه‌ند ده‌رچووى يه‌كه‌م وه‌جبه‌ى ده‌رچووانى په‌يمانگاى هونه‌ره جوانه‌كانى به‌غدا ده‌بێت.
سه‌ره‌تاى گه‌شه‌كردن و چرۆى به‌هره‌ى هونه‌رى هونه‌رمه‌ند له‌كوێوه سه‌رچاوه‌ى گرتووه ؟
جيا له‌وه‌ى باوكى شمشاڵژه‌ن بووه ، هه‌روه‌ها ( بنيامين ) ى ماميشى ئه‌ويش سازژه‌ن بووه ، له‌وه‌رزى هاوين دا كه پشووى قوتابخانه ده‌ست پێده‌كات، دايكى وليه‌مى به‌هره‌مه‌ند ده‌نێرێ بۆ شارى موصڵ بۆ لاى خاڵه‌كانى كه ژه‌نيارى ئامێرى (ڤيۆلۆن و ئۆكۆرديۆن) بوون ، كاريگه‌ريان له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند داناوه، هه‌روه‌ها له‌قۆناغى سه‌ره‌تايي كاريگه‌رى مامۆستاكانى وانه‌ى سروودى له‌سه‌ربووه وه‌ك مامۆستا
(عه‌بدوالواحيد نورى 1904_5/7/1944) و( ڕه‌فيق چالاك سلێمانى 1923_30/11/ 1973 به‌غداد ) هه‌روه‌ها تيپى ديده‌وانى قوتابخانه‌كه‌ى(2).
له‌گه‌ڵ به‌ده‌ستهێنانى بڕوانامه‌ى دبلۆمى هونه‌رى له‌بوارى موزيكدا ، هونه‌رمه‌ند وليه‌م يوحه‌ننا به‌دڵگه‌شييه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه شارى سلێمانى و به‌په‌رۆش ده‌بێت كه ئه‌و زانسته‌ى له‌بوارى موزيكدا به‌ده‌ستى هێناوه به‌ئه‌مانه‌ته‌وه بيگه‌يه‌نێته منداڵانى شاره‌كه‌ى، له‌ساڵى (1955 بۆ 1956) هونه‌رمه‌ند ده‌بێت به‌مامۆستاى وانه‌كانى ( سروود و وێنه و وه‌رزش)له‌هه‌مان ئه‌و قوتابخانه‌يه‌ى كه شه‌ش ساڵى ته‌مه‌نى له‌قۆناغى سه‌ره‌تايي تێدا به‌ڕێ كردووه ئه‌ويش قوتابخانه‌ى فه‌يصه‌ڵييه، وه‌ك مامۆستايه‌كى پڕ ووزه‌و چالاك ده‌ست به‌كارده‌بێـت و هه‌موو هيوا و ئاواتى ئه‌وه ده‌بێت كه بايه‌خ و گرنگى زیاتر بدات به موزيك و گه‌شه‌كردنى موزيك له‌شارى سلێمانى ،
هونه‌رمه‌ند وليه‌م يوحه‌ننا يه‌كێك له هونه‌رمه‌ندانى ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رى ( تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى) ده‌بێـت ،
هونه‌رمه‌ند (حاته‌م سه‌عید ، ناسراو به ( حاته‌مه ڕه‌ش 1936_ 7/1/2011) له‌دێدارێكیدا له‌گه‌ڵ ( گۆڤاری سلێمانی) لاپه‌ڕه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانی ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی لەساڵى (1955) هه‌ڵده‌داته‌وه و ده‌ڵێت : ( ئێمه كۆمه‌ڵێك براده‌ربووین، نه‌جاتی عه‌بده، ئومێد مه‌دحه‌ت موباره‌ك، هادی عه‌نبه‌ر، به‌هجه‌ت سه‌عاتچی و به‌نده، له‌دوكانی به‌هجه‌تی سه‌عاتچی كۆده‌بووینه‌وه و دائه‌نیشتین و هه‌ریه‌كه‌مان له‌ئامێرێكی مۆسیقاداشاره‌زابووین، به‌هجه‌ت و هادی كه‌مانچه‌یان ئه‌ژه‌نی، نه‌جاتی عه‌بده شمشاڵی لێئه‌دا، هه‌رله‌وسه‌روبه‌نده‌دا مامۆستا ولیه‌م یوحه‌ننا په‌یمانگای لەبەغداته‌واوكرد بوو ، ئه‌میش كه‌مانچه‌ی ئه‌ژه‌نی،ڕۆژانه ته‌مرینی ئه‌كرد و ئێمه‌ش سه‌ردانیمان ئه‌كرد، دوای ماوه‌یه‌ك هونه‌رمه‌ند قادر دیلان له‌ئیزگه‌ی كوردی به‌غدا دوورخرایه‌وه و هاتبۆوه بۆ سلێمانی، قادر دیلان هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌و به‌توانا و نیشتمانپه‌روه‌ر بوو، له‌به‌غدا له‌گه‌ڵ( سامی شه‌واف و ئه‌نوه‌رمه‌نسی) كاری كردبوو، ئه‌و دوو زاته له‌بواری مۆسیقادا ناسراو بوون، قادر دیلان له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی كوردانه‌ی له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا ده‌ركرابوو، له‌مۆسیقا و هونه‌ردا زۆر شاره‌زابوو، زۆر دڵخۆشبوو به‌حه‌زوو ئاره‌زوومان ڕۆژێك پێشنیاری كرد كه‌تیپێكی مۆسیقا دابمه‌زرێنین، هه‌موومان پێمان خۆش‌بوو ڕازی بووین (3) .
له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆ دامه‌زراندنى تيپێكى موزیک پێویست بوو سێ ئه‌ندامى ئه‌و تيپه خاوه‌نى بڕوانامه‌ى موزيك بن، مامۆستا وليه‌م خاوه‌نى بڕوانامه‌ى موزيك بووه ،به‌يه‌كێك له‌هونه‌رمه‌ندانى ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رى تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى ده‌ژمێردرێت.
هونه‌رمه‌ند قادر دیلان ( 1928_18/3/1999) ،
سه‌باره‌ت به سه‌ره‌تاى ناونانى تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى ده‌ڵێت ( سه‌ره‌تا تيپه‌كه‌يان ناونا ( ديلان) من ڕ‌ازى نه‌بووم و به‌ئه‌ندامانى تيپه‌كه‌م ووت ، ئه‌و ناوه نه‌گۆڕن وازدێنم، ئه‌وجا كردمانه تيپى موزیکى مه‌وله‌وى ) (4) .
تيپى موزیکى مه‌وله‌وى به‌يه‌كه‌م تيپى مۆسيقا له‌باشوورى كوردستان دێته ئه‌ژمار له‌ڕووى ئه‌وه‌ى كه به‌شێوه‌يه‌ك له‌ڕووى زانستى موزیکەوە دامه‌زرابێت، سه‌ره‌تا هونه‌رمه‌ندانى تيپى ناوبرا بريتى بوون له ( قادر ديلان ، سه‌رۆكى تيپ و ژەنیارى ئامێرى ڤيۆلۆن و ئامێره‌كانى ديكه ، وليه‌م يوحه‌ننا ئامێرى ڤيۆلۆن و عوود ، نه‌جاتى عه‌بده ئامێرى شمشاڵ ، به‌هجه‌ت ڕه‌شيد سه‌عاتچى ئامێرى ڤيۆلۆن و عوود، حاته‌م سه‌عيد ئامێرى ئيقاع ، ئومێد مه‌دحه‌ت موباره‌ك ئامێرى ڤيۆلۆن ، هادى عه‌نبه‌ر ئامێرى ڤيۆلۆن ، سه‌ردار ڕه‌مزى فه‌تاح ئامێرى ڤيۆلۆن ، حازم حه‌داد ئامێرى عوود ، خاڵه حه‌مه فه‌ره‌ج / بێژه‌رى تيپ ، نوورى به‌ده‌وى و قادر كوردى ) (5).
ئه‌م كۆمه‌ڵه هونه‌رمه‌نده به‌و هه‌سته به‌رزو پيرۆزه‌وه توانيان گه‌شه‌يه‌كى باش و فراوان به‌موزيك و گۆرانى كوردى بده‌ن ، له‌كاتێكدا ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه كارى هونه‌رييان ئه‌نجامداوه ، كه له‌ناو كۆمه‌ڵگه موزيك و هونه‌رمه‌ندبوون عه‌يب و شوره‌يي بووه به‌كارێكى نه‌شياو ده‌درايه قه‌ڵه‌م ، به‌ڵام ئه‌مان بوێرانه ئه‌و ته‌ليسمه‌يان شكاند و درێژه‌يان به‌و كاروانه پيرۆزه‌داوە، توانیویانە كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند و به‌هره‌مه‌ندى ده‌نگخۆش له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ى شارى سلێمانى له دەورى تیپى موزیکى مەولەوى كۆبكه‌نه‌وه وبه ئاهه‌نگه‌كانيان دڵى جه‌ماوه‌ر خۆش بکەن و شادیی و چێژى هونه‌رييان پێ ببه‌خشن، هونه‌رمه‌ندانى وەک ( ڕه‌شۆڵ ، حه‌مه‌ى به‌كر ، شه‌ماڵ سائيب ، حه‌سه‌ن زيره‌ك ، باكوورى ،سێوه ، تايه‌ر تۆفيق ، فوئاد ئه‌حمه‌د ، ڕه‌سوڵ گه‌ردى ، ئيبراهيم محه‌مه‌د، قادرى حاجى حسێن، عومه‌ر ڕه‌زا، ڕه‌فيق چالاك و فه‌ره‌جى حاجى ڕەشید) .
له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندى ژه‌نيار ( قادر ديلان 1928 سلێمانى _ 18/3/1999 پراگ ) له‌ساڵى (1956) به‌ناوى هونه‌رمه‌ندانى كورده‌وه به‌شدارى فيستڤاڵى لاوانى جيهانى له وڵاتى نه‌مسا ده‌كه‌ن ، له‌دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند بۆشارى سلێمانى ، تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى كۆمه‌ڵێك ئاهه‌نگ به‌بۆنه‌ى جه‌ژنى نه‌ته‌وه‌يي نه‌ورۆز، له نەخۆشخانەو قوتابخانه‌كانى شارى سلێمانى دا بگێڕن، هه‌روه‌ها له‌دواى كاره‌ساتى لافاوى ساڵى (18/10/1957) ى شارى سلێمانى ، تيپى موزیکى مه‌وله‌وى له شارى سلێمانى و لەشارى هه‌ولێرلەڕێکەوتى (13/11/1957) و لەشارى کۆیە لە (15/11/1957) ئاهه‌نگيان ئه‌نجامداوه و داهاته‌كه‌يان بۆ زيان لێكه‌وتووانى لافاوه‌كه ته‌رخانكردووه .
مامۆستا و هونه‌رمه‌ند وليه‌م يوحه‌ننا ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌كاره‌كانيدا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست دێنێت و هه‌نگاوى باشترده‌نێت له‌پێناو عه‌شقه پيرۆزه‌كه‌ى ئه‌ويش گه‌شه‌كردنى موزيكه، له‌ساڵى (1962) به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى چالاكى قوتابخانه‌كان له‌شارى سلێمانى ده‌كرێته‌وه‌و وليه‌م يوحه‌نناى هونه‌رمه‌ند ده‌بێته لێپرسراوى به‌شى موزیکى چالاكى قوتابخانه‌كانى سلێمانى ، لەبەڕێوەبەرایەتى ناوبراو بەهەمان گوڕ‌و تین و خۆشەویستى بۆ هونەر درێژه به‌كار و چالاكييه هونه‌رييه‌كانى ده‌دات، هيچ له‌كاته‌كانى ژيانى به‌فيڕۆنادات هه‌مووى ته‌رخان ده‌كات بۆ پرۆڤه و فێركردنى قوتابيان و منداڵان ، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵى (1967) يه‌كێك ده‌بێـت له‌ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رانى ( تيپى مۆسيقاى سلێمانى )
تيپى موزیکى مه‌وله‌وى بنياتنه‌ر و بناغه‌ڕێژى ته‌لارى هونه‌ر بوون له‌كوردستان و شارى سلێمانى به‌تايبه‌تى ، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنى تيپى مۆسيقاى سلێمانى وه‌ك تيپێكى سه‌ربه‌خۆ له‌سه‌ر بناغه‌ى پته‌وى ئه‌و ته‌لاره ، ديواريان هه‌ڵچنيوە و ته‌لاره‌كه‌يان بڵندتر كرد به‌كاره هونه‌رييه جوان و ڕه‌سه‌نه‌كانيان.
بەمەبەستى بوژاندنەوە و پەرەپێدانى گۆرانى و موزیکى ڕەسەنى کوردى لەڕێکەوتى (23/5/1967) تیپى مۆسیقاى سلێمانى بەهەوڵى دڵسۆزانەى چەند هونەرمەندێک دادەمەزرێت ،
لەڕێکەوتى ( 2/4/1969) لەگەڵ هونەرمەندانى شانۆ یەک دەگرن و ناوى دەنێن ( تیپى نواندن و مۆسیقاى سلێمانى) ، لەبەر تایبەتمەندییە هونەرییەکانى هەردوو بوارى هونەر ( نواندن و موزیک) دواى یەک ساڵ کارکردن پێکەوە، هونەرمەندانى تیپى مۆسیقاى سلێمانى جیادەبنەوە و لەهەوڵى وەرگرتنى مۆڵەتى فەرمى دەبن بۆ تیپى ناوبراو .
لەڕێی فەرمانى وەزارى وەزارەتى ڕاگەیاندن و دەزگاى گشتى ئیستگەو تەلەفزیۆن و سینەما بەفەرمانى ژمارە ( 10297) لەڕێکەوتى ( 23/5/1973) بەناوى ئەم پێنج هونەرمەندەوە مۆڵەتى فەرمى کارکردن وەردەگرن ،
هونەرمەندان ( ئەنوەر عومەر قەرەداخى، فەرەیدون سەعید دارتاش، فەرید عیسا نەزەر، ولیەم یوحەننا و (محەمەد ئەمین حسێن 1944 _ 26/10/2021) .
یەکەمین دەستەى بەڕێوەبردنى تیپى مۆسیقاى سلێمانى لەڕێگەى هەڵبژاردنەوە لەڕێکەوتى ( 7/6/1973) لەم هونەرمەندانە پێکهاتووە:
1/ ئەنوەر عومەر قەرەداخى ( سەرۆکى تیپ).
2/ فەرید عیسا نەزەر ( سکرتێرى تیپ) .
3/ فەرەیدون سەعید دارتاش ( ژمێریارى تیپ).
4/ ولیەم يوحه‌ننا خنانيشۆ( بەڕێوەبەرى هونەرى) .
5/ محەمەد ئەمین حسێن ( بەڕێوەبەرى کارگێڕى) (6).
مامۆستا وليه‌م به‌رده‌وام له‌خه‌مى گه‌شه‌كردنى هونه‌رى موزيكدا بووه ،له‌هه‌ر گۆشه‌يه‌كه‌وه تروسكاييه‌كى به‌دى كردبێت هه‌وڵى خۆى داوه‌و به‌هه‌وڵ و تێكۆشان و سه‌ليقه‌ى به‌رزى هونه‌رى كاره‌كه‌ى گه‌ياندۆته ئه‌نجام ، له‌ساڵى (1975) ( تيپى موزیکى زێڕين و زيوين ) له‌ناو زانكۆى سلێمانى داده‌مه‌زرێنێت ،
تيپى موزیکى مه‌وله‌وى كه‌له‌ساڵى (1955) دامه‌زرا، ماوه‌ى (8) ساڵ تێكۆشانى هونه‌رى تا جه‌ژنى نه‌ورۆزى ساڵى (1963) كاره هونه‌رييه‌كانيان به‌رده‌وام بوو، پێگه‌و كاره هونه‌رييه‌كانيان جێگاى ستايش و به‌رزنرخاندنه و وه‌ڕۆڵێكى زۆر گه‌وره‌و به‌رچاويان هه‌بووه له پێشخستن و ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و خزمه‌تكردن به‌هونه‌رى موزيك و گۆرانى كوردى ، له‌ساڵى (1977) هونه‌رمه‌ند وليه‌م يوحه‌ننا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندى ژه‌نيارى شارى سلێمانى، تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى نوێ داده‌مه‌زرێننه‌وه .
وليه‌م يوحه‌ننا ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ى هونەریی موزیک هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانى بوو ، به‌رده‌وام له‌خه‌مى ئه‌وه دابووه هونه‌رى نه‌ته‌وه‌كه‌ى به‌به‌رزى بمێنێته‌وه و په‌يامى بۆ قوتابييه‌كانى ئه‌وه‌بووه كه‌ڕێز و حورمه‌ت بۆ هونه‌رى نه‌ته‌وه‌كه‌يان دابنێن چونكه هونه‌رێكى ڕه‌سه‌نه، هونه‌رمه‌ند هه‌موو ژيانى خۆى كرده قوربانى هونه‌رى مۆسيقا و پێگه‌ياندنى قوتابييه‌كانى ،تا دواساته‌كانى ژيانى هونه‌رمه‌ند وليه‌م يوحه‌ننا هه‌ر به ڕه‌به‌نى مايه‌وه.
مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخى ، يه‌كێكه له‌قوتابييه چالاك و دڵسۆزه‌كانى مامۆستا وليه‌م يوحه‌ننا ده‌ڵێت ( مامۆستا وليه‌م وتى : حه‌زده‌كه‌م زۆر بژيم و ته‌مه‌نم درێژبێ، تاكو ئه‌و شتانه‌ى بيريان لێده‌كه‌مه‌وه جێبه‌جێيان بكه‌م بۆ وڵاته‌كه‌م و شاره‌كه‌م گه‌شاوه بێت و هونه‌رى موزيك به‌رزبێت.
پێشم وايه يه‌كێك له‌و هۆيانه‌ى كه‌واى كرد ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزه بير له ( ژن هێنان ) نه‌كاته‌وه ، چونكه واى بۆ ده‌چوو كه (ژن هێنان ) بۆ ئه‌و ده‌بێته به‌ربه‌ست له‌پێش كاره هونه‌رييه‌كانيدا ڕه‌نگه ئه‌و هيمه‌ته‌ى نه‌مێنێ بۆ گه‌يشتن به‌ئامانجه گه‌وره‌كانى كه‌موزیکى پێشكه‌وتوو و پاراستنى ئاوازى فۆلكلۆرى ڕه‌سه‌نى كورديي و
په‌ره‌پێدانيان له‌كوردستان و بڵاوبوونه‌وه‌ى موزیک ژه‌ن و ڕۆشنبيرى و زانستى موزیک بوون، كه‌واته مامۆستا وليه‌م يوحه‌ننا ژيانى خۆيشى كرده قوربانى گه‌ل و نيشتمان و پێشكه‌وتنى ڕه‌وتى هونه‌رى موزيك له‌شارى سلێمانى دا ) (7).
خاتوو (ڤيكتۆريا يوحه‌ننا ) خوشكى هونه‌رمه‌ند باس له‌و ژيانه ساده‌يه و تێڕوانينه جوان پڕ هه‌سته‌ى كاكى بۆ هونه‌رى مۆسيقا ده‌كات و ده‌ڵێت ( كاكم ژيانێكى تايبه‌ت به‌خۆى هه‌بوو ، زۆر حه‌زو خولياى موزیک بوو ، به‌رده‌وام موزیک هه‌موو ژيانى بوو ، زۆرجار دايكم پێى ده‌ووت ( كوڕم ژن بێنه...؟!) ئه‌ويش ده‌يوت دايه ژنم بۆچييه ..؟دايكيشم ده‌يوت ، بايه‌ك دوو منداڵت هه‌بێت ،
كاكيشم ده‌يووت ، منداڵانى سلێمانى هه‌مووى منداڵى منن ، ئه‌و هه‌موو گه‌نجه بەمنداڵى خۆمى ده‌زانم ) (8).
هه‌موو كات هونه‌رمه‌ند وليه‌م يوحه‌ننا له‌ئاستى به‌رپرسياریەتيه‌كى گه‌وره‌دا بووه و ده‌بێت به‌ئه‌مانه‌ته‌وه جێبه‌جێى بكات ، شه‌و و رۆژى خستۆته سه‌ريه‌ك بۆ ئه‌و ئه‌ركه‌ى له‌ئه‌ستۆيه‌تى ئه‌ويش په‌روه‌رده‌كردن و فێركردنى قوتابييه‌كانيه‌تى به‌زانستى موزیک ، له‌يه‌كێك له‌وانه‌كانيدا له‌چالاكى قوتابخانه‌كان به‌قوتابييه‌كانى گوتووه ( من له‌هه‌موو كه‌سێك له‌م دنيايه منداڵم زۆرتره، ئێوه هه‌موو منداڵى منن ، ئه‌گه‌ر من توانيم ئێوه په‌روه‌رده بكه‌م له‌سه‌ر بنه‌ماى پێشكه‌وتنى ڕۆشنبيريي و هونه‌رى ئه‌وه توانيومه ئه‌ركى خۆم جێبه‌جێ بكه‌م ) (9).
هونه‌رمه‌ند وليه‌م يوحه‌ننا په‌يوه‌ندييه‌كى ڕۆحى هه‌بووه له‌گه‌ڵ موزیک و خۆشويستنى بۆ شارى سلێمانى ، كاتێك مامۆستاى سروود بووه ئاوازى له‌سه‌ر هۆنراوه‌ى شاعيران داناوه‌و بۆسروود ، يه‌كێك له‌و سروودانه‌ى كه‌زۆر له‌لاى خۆشه‌ويست بووه ، سروودى خوايه‌وه‌ته‌ن ئاوا كه‌يت له‌هۆنراوه‌ى (فايه‌ق بێكه‌س1905_18/12/1948 ) يه‌كێك بووه له‌و سروودانه‌ى كه هه‌ميشه حه‌زى لێكردووه، له‌وانه‌يه چه‌ندين جارپێشنيارى ئه‌وه خراوه‌ته به‌رده‌م هونه‌رمه‌ند بۆ ناڕۆيته ده‌ره‌وه‌ى وڵات ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌متدا زۆره ، ئه‌ويش له‌وه‌ڵامدا وتوويه‌تى ، چۆن ئه‌م شاره و سروودى خوايه وه‌ته‌ن ئاواكه‌ى به‌جێ دێڵم ، يه‌كێك له قوتابييه‌كانى ئێستا مامۆستا‌و هونه‌رمه‌ندێكى گه‌وره‌ى نه‌ته‌وه‌كه‌مانه هونه‌رمه‌ند (خاليد سه‌ركار) له‌و باره‌يه‌وه ده‌ڵێت ( مامۆستا وليه‌م ، مامۆستامان بوو ئه‌و فێرى ئه‌لف و بێي مۆسيقاى كردووين، ئه‌و ڕابه‌رمان بوو ، هانده‌رمان بوو ، نۆته‌ى مۆسيقاى فێركردين ، بێگومان مامۆستا وليه‌م سه‌رده‌مانێكى زۆر مامۆستاى سروود (نه‌شيد) بووه،واتا نه‌شيدى به‌منداڵان فێرده‌كرد ،ئه‌و سرودانه‌ى كه‌خۆشي ده‌ويست و حه‌زى ده‌كرد هه‌موو كاتێك بيڵيته‌وه سروودى خوايه وه‌ته‌ن ئاواكه‌ى چه‌نددڵگير و شيرينه ، ئه‌وه‌ى به‌منداڵان ئه‌وته‌وه ،ته‌نانه‌ت هونه‌رمه‌ند (ئه‌لبێرت عيسا) پێى وتووه باشه مامۆستا بۆ ناچيت بۆ خاريج و له‌و وڵاته ئه‌وروپييانه بژيت و له‌وانه‌يه له‌وێ هه‌ر زۆر ئاسانكاريشت بۆ بكه‌ن تۆبه‌تايبه‌تى مه‌سيحيت ، له‌وه‌ڵامدا وتبووى چۆن ئه‌م شاره به‌جێبهێڵم ، چۆن خوايه‌وه‌ته‌ن ئاواكه‌ى به‌جێبهێڵم كه خۆم چه‌ند ساڵه منداڵ فێرى ئه‌و سرووده ئه‌كه‌م ، زۆربه‌ى شيعرى شاعيره‌كانى كردبوو به‌ئاواز ، له‌وانه (شێركۆ بێكه‌س) ه ، كه‌زۆر له‌هۆنراوه‌كانى شێركۆبێكه‌سى كردووه به‌ئاوازو شێركۆ بێكه‌سيش زۆرى خۆش ئه‌ويست و ته‌نانه‌ت له‌هۆنراوه‌يه‌كيش دا باسى مامۆستا وليه‌م يوحه‌ننا ده‌كات ) (10).
شێركۆ بێكه‌سى شاعير به‌م شێوه‌يه پێناسه‌ى هونه‌رمه‌ند و مامۆستا وليه‌م يوحه‌ننا ده‌كات :
( ڕۆژێك عاشق ميوانى هات
ميوان هاته ناو باڵكۆن و ئۆكۆرديۆنێ به‌سينگه‌وه
ميوانێكى زۆر بۆن خۆش بوو
بۆنى گه‌رده‌نى مريه‌م و ، بۆنى خاچه‌كه‌ى مه‌سيح و
بۆنى مۆردى ماڵى كه‌رريمى ئه‌له‌كه‌و
بۆنى ئه‌بووناى لێ ئه‌هات
گه‌نجێكى كه‌مێك گرده‌ڵه ، مه‌داياى صه‌ليبێكى كردبووه مل
هيچ ميوانێ ، هێنده‌ى ئه‌م ميوانه مۆسيقاره
له‌لاى عاشق خۆشه‌ويست بێ
من ئه‌ڵێم ده ، ئێوه بڵين سه‌د ماچى زياترى كردووه
گوێم گرت بزانم ئه‌و كوڕه ناوى چى يه ؟
بوو به‌مه‌راق له‌دڵما ..
چايان هێنان
هه‌روا بۆ چه‌ند ده‌قيقه‌يه‌ك ، ئۆكۆرديۆنه‌كه‌ى له‌باوه‌شى من دانا
ده‌رفه‌ت ڕه‌خسا و ، چرپاندم به‌گوێى ئۆكۆرديۆنا
لێم ببووره ناوى خاوه‌نه‌كه‌ى چى يه ؟
من وام ووت و ، ئيتر ئۆكۆرديۆن تووڕه بوو
ڕقى هه‌ستا و يه‌ك زيقه‌ى درێژى كردوو
ئينجا ووتى ، تۆ كورسيه‌كى گه‌وجى
زۆر بێ ئاگاى ،،،، ئاخر هه‌يه له‌م شاره‌دا
نه‌زانێ كێ يه وليه‌م يوحه‌ننا ...! ) .
هونه‌رمه‌ند ولييه‌م يوحه‌ننا ، كه‌سێكى نه‌رم و نيان و كه‌م دوو و هێدى و له‌سه‌ره‌خۆ ، زمانشيرين و ميهره‌بان ، دڵسۆز و خه‌مخۆر بۆ كاره‌كه‌يي و قوتابييه‌كانى ، به‌هێز و باوه‌ڕبه‌خۆبوون له‌ئه‌نجامدانى كار، دڵپاك و هيچ كات ئيره‌يي نه‌بووه به‌رامبه‌ر به‌كه‌س، هيچ كات و ڕۆژێك نه‌بووه ڕووخسارى له‌ئاست قوتابييه‌كان و هاوڕێكانيدا تووڕه‌بوونى پێوه دياربێت ، منه‌تى به‌سه‌ر كه‌سدا نه‌كردووه ، ماندووبوونى نه‌زانيوه له‌كاره‌كانيدا ، پاره‌و سه‌روه‌ت و سامانى له‌لا گرنگ نه‌بووه ته‌نها ڕوو له‌ئاسۆ بووه بۆ پێشخستنى هونه‌ر ،
هونه‌رمه‌ند و مامۆستا وليه‌م يوحه‌ننا ڕه‌نج و ماندووبوونى چه‌ندين ساڵه‌ى به‌هه‌ده‌ر نه‌ڕۆيشتووه ، چه‌ندين هونه‌رمه‌ند و مامۆستاى له‌سه‌ر بنه‌ماى زانستى موزيك فێركردو پێگه‌ياند كه‌ئه‌مڕۆ هه‌ريه‌كه‌يان هونه‌رمه‌ندێكى گه‌وره‌و پڕ به‌خششن له‌بوارى موزيك و گۆرانيدا و جێ په‌نجه‌يان وه‌ك ئه‌ستێره‌كانى ئاسمان ده‌دره‌وشێته‌وه ، كه‌واته هونه‌رمه‌ند و مامۆستا وليه‌م يوحه‌ننا به‌ته‌نها مۆڵكى شارێك نه‌بووه، به‌ڵكو موڵكى موزيك و سمبول و پێشەنگى هونه‌رى کوردى بوو ، جوانترين مێژووى له موزيك و فێركردن و پێگه‌ياندن و ژه‌نين و ئاوازدانان دا بۆ خۆى تۆماركرد.
له‌ماوه‌ى نيو سه‌ده له‌خزمه‌تكردن به هونه‌رى موزيك ، له‌چالاكى قوتابخانه‌كان و ماڵەوە هه‌موو كات ده‌رگاى ماڵه‌كه‌ى ئاوه‌ڵابووه بۆ فێركردنى قوتابييه‌كانى ، ئه‌م هونه‌رمه‌نده عاشقه به موزيك ده‌يان كار‌و چالاكى ئه‌نجامداوه كه‌لێره‌دا ئه‌سته‌مه له‌هه‌موويان بدوێين چونكه خوێندنه‌وه‌ى زۆر هه‌ڵده‌گرێت ، وه خاوه‌نى چه‌ندين ئاوازى ناسك و پر چێژى هونه‌رين ، ئاوازه‌كانى هونه‌رمه‌ند كه تائێستا له‌به‌ر دڵانن و ڕۆحمان ئارام ده‌كاته‌وه وه‌ك
( فریشته)
( ڕوومه‌تی وه‌ك گوڵی بێگه‌رد
قژی خاو ، ئاوریشمێكی زه‌رد
چاوی كاڵ،ئه‌گه‌رچی نه‌رمه
به‌ڵام نیگای ئێجگار گه‌رمه ).
له‌ئاوازی مامۆستا ولیه‌م یوحه‌ننا و شیعری( كامه‌ران موكری 1929_7/12/1986) یه، گوڵاڵه‌ى ژيان ، له‌نجه ،ڕێزان ،سه‌ما ،ديلان، نه‌شميل ،ڕۆژباش ،گوڵى سوور ، شيرين ، سه‌رچنار،نه‌ورۆز ) هه‌روه‌ها چه‌ندين ئاوازى بۆ منداڵه چاوگه‌شه‌كان داناوه (هه‌نگ ،مناڵ،ئێمه گوڵ و گوڵزارين ، خۆشه‌ويستى زه‌وى ،ڕێزى مامۆستا و چه‌ندينى تر ).
هونه‌رمه‌ند و مامۆستا وليه‌م يوحه‌ننا درێژه به‌ژيانى هونه‌ريي خۆى ده‌دات له‌چالاكى قوتابخانه‌كان تا ساڵى (2002) له‌سه‌ر ميلاكى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده / به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى گشتى په‌روه‌رده ، بەڕێوەبەرایەتى چالاكى قوتابخانه‌كانى سلێمانى خانه‌شين ده‌كرێت ، به‌داخه‌وه پيرى و نه‌خۆشيي فشارى زۆرى بۆ ده‌هێنێ و له‌ساڵى (2003) ده‌كه‌وێته سه‌ر جێگا‌و له‌ماڵه‌وه ده‌مێنێته‌وه خوشك و برايه‌كى خزمه‌تى ده‌كه‌ن ،
خانه‌واده‌ى هونه‌رمه‌ند و مامۆستا وليه‌م يوحه‌ننا پێكهاتووه له دايك و باوك و سێ كچ و پێنج كوڕ، هونه‌رمه‌ند وليه‌م يوحه‌ننا كوڕى گه‌وره‌ى خانه‌واده‌كه‌ى يوحه‌ننا خنانيشۆ ده‌بێت ، له ساڵى (1980) نه‌جيبه خانى دايكى كۆچى دوايي ده‌كات و هه‌روه‌ها دواى ده ساڵ (1990) باوكيشى بۆ هه‌ميشه به‌جێيان دێڵيت ،
هونه‌رمه‌ند ولييه‌م يوحه‌ننا سه‌ره‌ڕاى ئه‌و ئه‌ركه زۆره‌ى له‌سه‌ر شانى بوو وه‌ك مامۆستاى هونه‌ر و پێگه‌ياندنى قوتابييه‌كانى و پێشخستنى هونه‌ر له‌شارى سلێمانى ، دواتر ئه‌ركى سه‌رشانى قورس‌تر ده‌بێت ئه‌ركى به‌خێوكردن و سه‌رپه‌رشتيكردنى خوشك و براكانيشى ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆى .
به‌داخه‌وه ئه‌و چرا ڕۆشن و گه‌شاوه‌يه‌ى هونه‌رى موزيك هونه‌رمه‌ند ولييه‌م يوحه‌ننا دواى ئه‌و مێژووه لێوڕيژه له‌به‌خشش و تێكۆشانى هونه‌ريي له‌ڕێكه‌وتى
(14/9/2005) بۆ هه‌ميشه ماڵئاوايي ده‌كات و چاوه‌كانى لێك ده‌نێت ، ئەو ئەستێرە گەش و پێشەنگەى هونەرى موزیک خامۆش دەبێت، بەڵام بۆ هەمیشە ناو و کارە هونەرییەکانى بەنەمرى دەمێننەوە، تەرمى هونەرمەند و مامۆستا ولیەم یوحەننا له‌گۆڕستانى مه‌سيحييه‌كان له‌شارى سلێمانى به‌خاكى پيرۆزى كوردستان ده‌سپێردرێت ، جێى داخە ئه‌و ساڵه (2005) ساڵى خه‌زانى هونه‌ربوو له‌كوردستان ، زۆرله هونه‌رمه‌نده ديار و خۆشه‌ويسته‌كانى گه‌له‌كه‌مان ماڵئاواييان لێكردين ( ئيبراهيم محه‌مه‌د (خه‌يات) 1931 _ 4/5/2005 سلێمانى ) ( عوسمان عه‌لى 1944_ 21/6/2005 سلێمانى) ( موجته‌باى ميرزاده 1945 كرماشان _ 17/7/2005) ( مه‌رزييه‌ى فه‌ريقى 22/5/1958 مه‌ريوان _ 18/9/2005 سويد ) .
سڵاو و ڕێز و حورمەت بۆ مێژووى جوان و پڕ به‌خششى هونه‌رمه‌ند و مامۆستا وليه‌م يوحه‌ننا و هه‌موو هونه‌رمه‌ندانى كۆچكردووى نه‌ته‌وه‌كه‌مان ، چه‌پكه نێرگزى به‌هارى كوردستان بۆسه‌رگڵكۆى پيرۆزييان ، ناو و ناسناو و هونه‌ره‌كه‌يان بۆهه‌ميشه به‌به‌رزى پيرۆزى بمێنێته‌وه.
جەمال عومەر ( جەمالى دەلاک ) سلێمانى .
سه‌رچاوه : (1)كتێبى وليه‌م يوحه‌ننا ژيان و كارى هونه‌ريي ، شنه عه‌بدوڵڵا محه‌مه‌د ، لاپه‌ڕه (56).
(2) كتێبى كه‌شكۆڵى نووسينه‌كانم _ هونه‌رمه‌ند وريا ئه‌حمه‌د ، لاپه‌ڕه ( 353).
(3 ) تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی چۆن دامه‌زرا؟ ئاماده‌كردن: (سیروان محه‌مه‌د) به‌شی یه‌كه‌م ، گۆڤاری سلێمانی، ژماره (40) تشرینی دووه‌م (2003) ، لاپه‌ڕه( 32).
(4) گۆڤاى چلاواز _ ژماره (21 و 22) كانوونى دووه‌مى 2008 لاپه‌ڕه (28).
(5) كتێبى وليه‌م يوحه‌ننا ژيان و كارى هونه‌ريي ، شنه عه‌بدوڵڵا محه‌مه‌د ، لاپه‌ڕه (44).
(6)لەنێو هونەرى ڕەسەنى کوردی‌دا ، مێژوویەک بۆ تیپى مۆسیقاى سلێمانى ، نووسینى ( محەمەد ڕەشید دارتاش) گۆڤارى سلێمانى ژمارە ( 56) کانوونى یەکەمى (2004) لاپەڕە ( 12).
(7) كتێبى وليه‌م يوحه‌ننا ژيان و كارى هونه‌ريي ، شنه عه‌بدوڵڵا محه‌مه‌د ، لاپه‌ڕه (60) ديمانه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخى (31/12/2011) سلێمانى
(8) به‌رنامه‌ى چراكان _ ژيان و كارى هونه‌رى هونه‌رمه‌ند وليه‌م يوحه‌ننا _ ئه‌مير عومه‌ر _ كه‌ناڵى ئاسمانى زاگرۆس 2006.
(9) كتێبى وليه‌م يوحه‌ننا ژيان و كارى هونه‌ريي ، شنه عه‌بدوڵڵا محه‌مه‌د ، لاپه‌ڕه (62) ديمانه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند زۆزك قه‌ره‌داخى (4/1/2012) سلێمانى
(10) ڕاپۆرتێك له‌سه‌ر كريستيانه‌كانى سلێمانى، كه‌ناڵى ئاسمانى ڕووداو 2021، خاليد سه‌ركار.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.