وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە نزیكەی 800 هەزار كەس سوودیان لە داشکانی 50%ی قەرزی كۆنی كارەبا وەرگرت كە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو كۆتایی هات.
وەزارەتی كارەبا رایگەیاند: نزیکەی 800 هەزار هاوبەش لە سەرانسەری کوردستان سوودیان لە داشکاندنە تایبەتەکەی قەرزی کۆنی پێش پرۆژەی ڕووناکی وەرگرت، کە لە رۆژی 3ی ئاب تا (10)ی ئەم مانگە بۆ ماوەی نزیکەی چل رۆژێک بەردەوام بوو.
ئەم داشکاندنە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ یارمەتیدانی بەکارهێنەرانی کارەبا بە هەموو پۆلەکانەوە پەسەند کرابوو، بۆ ئەوەی بە یەکجاری لە قەرزی کارەبا ڕزگاریان ببێت، کە لە ڕێگەی داشکاندنێکی تایبەتەوە بە ڕێژەی (50%) جێبەجێ کرا و تا ئێستا لەناو دامودەزگاکانی حکوومەت وێنەی نەبووە.
ئەم داشکاندنە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی پڕۆژەی ڕووناکی و گواستنەوە لە قەرزە کۆنەکانەوە بۆ سیستەمێک کە تیایدا هەموو بەکارهێنەران بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری، بە بەردەوامی و لە کاتی خۆیدا کرێی کارەبا دەدەن.
وەزارەتی كارەبا ئاماژە بەوە دەكات كە جێگەی دڵخۆشییە زۆربەی ئەو هابەشانەی پێش دەستپێکردنی هەڵمەتەکە قەرزی کۆنیان هەبوو، توانیویانە سوود لە داشکاندنەکە وەربگرن و قەرزەکانیان بدەنەوە.
جەختیشی كردەوە كە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و بەدیهێنانی دادپەروەری لە نێوان هاوبەشانی کارەبا، لەسەر پشتگیریکردنی هاووڵاتییان و هاوبەشانی لە هەموو کەرتەکانی بەردەوام دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.