د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری بەغدا لەگەڵ د. فەرهاد ئەتروشی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر بەهێزکردنی هەماهەنگیی یاسایی و جێبەجێکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان لە بواری مافەکانی مرۆڤدا.
لە دیدارەکەدا، د. دیندار زێباری تیشکی خستە سەر ئەرک و کارەکانی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ڕۆڵی لە ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکان و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان. جەختیشی لە گرنگیی هەماهەنگیی زانیاری لەنێوان دامەزراوەکانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە، بە شێوەیەک کە تایبەتمەندی و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەچاو بکرێت.
هەروەها د. دیندار زێباری ئاماژەی بە گرنگیی هەماهەنگیی پێشوەختە لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەران و لیژنە پەرلەمانییەکان کرد، بۆ ئەوەی دۆسیە یاساییەکان و پابەندییە نێودەوڵەتییەکان بە باشترین شێوە جێبەجێ بکرێن.
لای خۆیەوە، د. فەرهاد ئەتروشی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە. ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ بەردەوامبوونی هاوکارییەکان و دابینکردنی زەمینەی پێویست بۆ سەرخستنی کاری هاوبەش لە بوارە یاساییەکاندا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامکردنی ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموونەکان بۆ چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ و جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.