ئهمڕۆ شهممه 5ی ئهیوول، مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل بوونی پلانێکی بۆ چۆڵکردنی زۆرەملێ فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە ڕەتکردەوە، دوای ئەوەی وەزیرەکانی ئیسرائیل باسیان لە چۆنیەتی چۆڵکردنی ملیۆنێک کەس لە کەرتی وێرانکراوی غەززە کردبوو.
هاکابی لە میانی سەردانەکەیدا بۆ لای فەلەستینییەكان لە کەناری ڕۆژئاوا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند،" دڵنیاتان دەکەمەوە کە هیچ پلانێک لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە نییە بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی غەززە بە زۆرەملێ".
پێشتر ئیتمار بن غافیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، پلانێکی نیشان دا بوو کە ئامانج لێی جێهێشتنی 250 هەزار فەڵەستینی بوو لە ساڵی یەکەمدا، دواتر باقی دانیشتووانی غەززە کە دەکاتە نزیکەی ملیۆنێک کەس، لە ماوەی شەش ساڵی داهاتوودا.
ههروهها یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل ئامادەیە فەلەستینییەکان لە غەززەوە لە ڕێگەی دەریایی و وشکانییەوە بگوازێتەوە، بەڵام چاوەڕێی ئەمریکا دەکات.
کاتز بەبێ ئەوەی سەرچاوەکەی دیاری بکات، ڕایگەیاندووە، لەسەدا 80ی خەڵکی غەززە دەیانەوێت بچنە دەرەوە، بەڵام حەماس ڕێگرییان لێدەکات.
هاکابی ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کە شەڕی دژی کۆچبەریی کردۆتە ئەولەوییەتێکی ناوەندی، دەیەوێت بژاردە بداتە فەلەستینییەکان کە ئارهزوومهندانه بڕیاری خۆیان بدهن نهك به زۆرهملێ.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر خەڵک بیانەوێت بڕۆن، دەرگایەک هەیە، پێویستە مافی ڕۆیشتنیان هەبێت".
باڵیۆزی ئهمهریكا له ئیسرائیل ڕاشیگهیاندووه: "کەس پێشنیاری ئەوە ناکات کە کۆچی زۆرەملێ هەبێت، نە ئیسرائیلییەکان و نە ئەمریکییەکان. من کەس ناناسم پشتگیریی لەو بریاره بکات".
ئاشكراشی كردووه: ڕاگواستنی زۆرەملێی خەڵکی مەدەنی لە ناوچە داگیرکراوەکاندا تاوانی جەنگە بەپێی ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.