Erbil 31°C پێنجشەممە 03 ئەیلوول 16:28

نەتەوە یەکگرتووەکان: شەپۆلە زۆر بەهێزەکەی دیاردەی ئێل نینۆ تاوەکو ساڵی 2027 بەردەوام دەبێت

100%

ڕێکخراوی جیهانیی کەشناسی (WMO)ڕایگەیاند کە دیاردەی ئێل نینۆ (El Niño) بە شێوەیەکی جێگیر چەسپاوە و لە مانگەکانی داهاتوودا توندتر دەبێت ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەرێکی نزیک لە 100% هەیە کە ئەم دیاردەیە تاوەکو مانگی شوباتی ساڵی 2027 بەردەوام بێت.

ڕێکخراوەکە هۆشدارییەکی نوێی بڵاوکردەوە و ڕوونی کردەوە کە ئێل نینۆ کاریگەریی گەورەی لەسەر شێوازی بارانبارین و پلەکانی گەرما دەبێت، ئەمەش مەترسییەکانی وەک لافاو، وشکەساڵی و شەپۆلەکانی گەرمای یەکجار توند زیاد دەکات.

لای خۆیەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا کە جیهان دەچێتە ناو ناوچەیەکی پڕ لە مەترسی کە تێیدا ڕووداوە کەشوهەواییە توندەکان دەبنە دیاردەیەکی ئاسایی. گۆتێرێش لە بەیاننامەیەکدا گوتی: زانست هیچ گومانێکی نەهێشتووەتەوە، هەسارەکەمان بەرەو ناوچەیەکی نادیار هەنگاو دەنێت. پلەی گەرمیی ئاوی دەریاکان گەیشتووەتە ئاستێکی بێوێنە و بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.

سکرتێری گشتی جەختی لەوەش کردەوە کە ئێستا کێبڕکێیەکی توند لە نێوان مەترسییە گەشەسەندووەکان و پابەندیی وڵاتان بە پاراستنی خەڵک و گرتنەبەری ڕێکاری توندی ژینگەیی هەیە، و گوتی: پێویستە لەم کێبڕکێیەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنین.

دیاردەی ئێل نینۆ بە دیاردەیەکی کەشوهەوایی سروشتی دادەنرێت و ڕاستەوخۆ ناتوانرێت بوترێت بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دروست بووە، بەڵام زاناکان جەخت دەکەنەوە کە گەرمبوونی زەوی بەهۆی سووتانی سووتەمەنییە فۆسیڵییەکان، دەبێتە هۆی توندتربوونی کاریگەرییەکانی ئەم دیاردەیە و زیادبوونی کارەساتە سروشتییەکان لە سەرتاسەری جیهاندا.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.