ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) نوێکردنەوەیەکی گرنگی بۆ ڕێنماییەکانی تایبەت بە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی تێکچوونی توانای ژیری و تووشبوون بە خەڵەفان (Dementia) بڵاوکردەوە. لەم نوێکردنەوەیەدا، ڕێکخراوەکە 7 هۆکاری نوێی بۆ لیستی پێشووی مەترسییەکان زیاد کرد کە پێشتر لە 12 هۆکار پێکهاتبوو.
هۆکارە کۆنەکان بریتی بوون لە (جگەرەکێشان، خواردنەوەی کحول، قەڵەوی، شەکرە، بەرزی پەستانی خوێن، خەمۆکی و کزیی بیستن). بەڵام بەپێی نوێترین لێکۆڵینەوە زانستییەکان، ئەم 7 خاڵەی خوارەوە وەک مەترسی نوێ دەستنیشان کراون:
1. جەڵتەی مێشک: نەخۆشییەکانی دڵ و دەمارەکان ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر تەندروستی مێشک و مەترسی خەڵەفان زیاد دەکەن.
2. پێکانە سەختەکانی مێشک (TBI): بەرکەوتنی زەبر بە سەر، تەنانەت ئەگەر سوکیش بێت، دەبێتە هۆی تێکچوونی باری دەروونی و دڵەڕاوکێ، کە کاریگەرییان لەسەر مێشک دەبێت.
3. لاوازیی بینین: بەو پێیەی بەشێکی گەورەی مێشک بۆ بینین تەرخان کراوە، کزیی چاو فشارێکی زیادە دەخاتە سەر مێشک و پڕۆسەی تێکچوونی توانای ژیری خێرا دەکات.
4. تێکچوونی خەو: خەو مێشک لە پاشماوە زیانبەخشەکان پاک دەکاتەوە. تێکچوونی خەو وەک "وەستانی هەناسە لە کاتی خەودا" دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی لە مێشکدا کە هاوشێوەی نیشانەکانی "ئەڵزەهایمەر"ـن.
5. ڤایرۆسی کەمیی بەرگری (HIV): ئەم ڤایرۆسە ئەگەر چارەسەر نەکرێت، زیان بە کۆئەندامی دەمار دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی لاوازیی توانای تێگەیشتن.
6. پیسبوونی هەوا: تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات لە بەرکەوتنی درێژخایەن بە هەوای پیس (لە ناوەوە و دەرەوەی ماڵ)، چونکە گەردیلە وردەکان مەترسی خەڵەفان بەرز دەکەنەوە.
7. چارەسەری هۆرمۆنی بۆ تەمەنی نائومێدی (MHT): ڕێکخراوەکە ئامۆژگاری دەکات کە ئەم چارەسەرە بۆ ڕێگری لە خەڵەفان لای ژنانی سەروو 65 ساڵ بەکارنەهێنرێت.
ئەم ڕێنماییە نوێیانەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، وەک هەنگاوێکی نوێ دادەنرێت بۆ پاراستنی تەندروستی مێشک و کەمکردنەوەی ژمارەی تووشبووان بە خەڵەفان لە جیهاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.