ئەحمـــــەد کایــــــا ( 1957_ 2000)
دەنگ و ئاواز و هاوارى هونەرمەندێکى ئاشتیخواز ..!
(چل و سێ ساڵى تەمەنت دەست بەسەر بووى خۆشیت نەدى
بێ ئومێدچاوانت لێک نا ، وڵاتى سەربەخۆت نەدى
لەجێی چەک و کەرەسەى شەڕ ، سازەکەى خۆت کرد بەتفەنگ
دەنگى ئازادى هەڵێنى ، بۆئاشتى خوازى نەک بۆ جەنگ ) (1).
ڕۆژگارێک بوو لەڕێی گەروو و دەنگ و دەست و پەنجەو ژەنینى ئامێرى سازەکەى گۆرانى بەزمانى نەتەوەى سەردەستەو داگیرکەر بەزمانى تورکى دەخوێند ، بەداخەوە داگیرکەرانى کوردستان جیا لەسوتماک و سڕینەوەمان لەسەر ئاو و خاکى باب و باپیرانمان ، نەیانهێشتووە دەنگ هەڵبڕین و ئاخاوتن بکەین و ستران و لاوکەکان بەزمانى شیرینى کوردى بچڕین، هەرکاتێک شیعر و گۆرانى بەزمانى کوردى کەوتبێتە بەرگوێیان لە لوتکەى ڕوانینى شۆڤینیانەیانەوە بە خائین و جوداخواز ناویان بردووین و دەرگاى زیندانەکانیان ئاوەڵاکردووە و پەتى سێدارەکانیشیان بۆمان هەڵواسیوە، ئەوان لەژیان دۆستى و مرڤدۆستیمان لە خۆشەویستیمان دەترسن،
مامۆستا گۆران لە هۆنراوەى( نایەڵن بڵێین) دا نووسیویەتى:
( لێ ناگەڕێن گەروو پڕکەین لە وتن
لەبەربەیان ئەترسن و لەبیستن
لەئامانج و لە هیوامان ئەترسن
لەگۆرانیی سەر زمانمان ئەترسن ) (2)
ئەحمەد کایا ئەو هونەرمەندە کوردەى لەسەر چڕینى ئاوازەکانى لە وڵاتى دایک و لەزێدەکەیی و لە هێلانەکەى هەڵیان فڕاند ..!
ئەو باڵندە گەرووە خەمگین و ناخ ئازار چەشتووە تاتوانى بەزمانى تورکى ئاوازى ژیان دۆستى چڕى ،بەڵام مەخابن لەسەر ئاشکرا کردنى ڕەچەڵەکى خۆیی کە کوردە و کوڕى نەتەوەیەکى بندەستە ! لەئەلبوومە نوێیەکەیدا سترانێکى کوردى بڵاو دەکاتەوە، لەبەرامبەر دانپێدان بەو ڕاستییە لەلایەن تورکە نەتەوەپەرستەکانەوە کەوتە بەرنەفرت و چەوسێنرایەوە و مۆرى تاوانیان نا بەناوچاوانییەوە و باڵى ئەو باڵندە خۆش ئاوازەیان شکاند و کردیانە دەرەوەى نیشتمانەکەى؟!
ئەحمەد کایا بە یەکێک لە دیارترین هونەرمەندانی باکووری کوردستان و تورکیا دادەنرێت و بە هۆی کارە سیاسییەکانی و هەڵوێستەکانی لەسەر پرسی کورد ناچار بوو وڵاتەکەی جێ بهێڵێت و لە غوربەتدا بەوپەڕى دڵشکاوییەوە سەربنێتەوە و گۆڕغەریب بێت.
ئەحمەد کایا لە هەناوى خانەوادەیەکى زەحمەتکێشەوە بۆ سەرشانۆکانى ئەستەنبوڵ ..؟!
ئەحمەد پێنجەمین و دوا منداڵى خانەوادەیەکى زەحمەتکێشە لەڕێکەوتى ( 28/10/1957) لەباوکێکى بەڕەگەز کورد و (داکێکى بەڕەچەڵەک تورک خەڵکى ئەرزڕۆم) لەشارى (مەڵاتیە) ى باکوورى کوردستان لەدایکبووە، ئەو خانەوادە نەدارە لەگوندى ( سەمسوور) ى سەربەشارى ئادیەمان ژیاون و لەبنەڕەتدا خەڵکى ئەوێن ، لەپێناو دابینکردنى ژیان ڕوودەکەنە مەڵاتیە و لەکارگەیەکى ڕستن و چنیینى حکومەت کاردەکەن ، لەناو کارگەکەش ژوورێکى بچووکیان بۆدابین دەکەن بۆ گوزەران و ژیان کردن.
کایا لەتەمەنى منداڵییەوە لەناو ئەو ژینگە ناهەموارەى ڕەنج و تێکۆشان و فرۆشتنى هێزى جەستە لەپێناو دابینکردنى نان دا ، لەناو ئەو ژینگە نابەرابەرییەدا چاوى کردۆتەوە ، لەگەڵ چوونى بۆخوێندن بەزمانى تورکى لەقوتابخانە، لەتەمەنى شەش ساڵیدا کەوتۆتە ژێرکاریگەرى موزیک و گۆرانییەوە، لەکاتى پشووەکاندا لەگەڵ خانەوادەکەى گەڕاونەتەوە بۆ گوندەکەیان دەست و پەنجە و ژەنینى (ساز) و دەنگى خۆشیی خاڵەکەى بەناوى ( یوسف) زیاتر کایاى کەمەندکێش کردووە بۆ نێو دنیاى ئاواز و ژەنین و گۆرانى ،
باوکە هەژار و ماندووەکەى دەستى ڕۆژگار، هەست بەحەزو ئارەزووى ئەحمەدى کوڕى دەکات، ئامێرێکى (ساز) ى بەدیارى بۆدەکڕێـت، ئەوەندەى تر ئەحمەد ئالوودەى موزیک و ژەنینى سازەکەى دەبێت ، کاتێک قوتابى قۆناغى سەرەتاییە ، لەگەڵ خوێندنەکەیی و ئارەزووە موزیکیەکەى شان دەداتە بەرکارکردن و هاوکار و یارمەتیدەرى خانەوادەهەژارەکەى دەبێت، ئەحمەد لەدوکانێکى فرۆشتنى (سێڵ یان قەوانى گرامافۆن و کاسێتى تەسجیل) واتە لە تۆمارگادا کاردەکات ، ئەوەش بۆتە بەبەشێک لە هاندان وچرۆکردنى ڕۆحى بە موزیک ، چونکە ڕۆژانە بەدەیان دەنگ و میلۆدى لەڕێی گوێیەکانیەوە خۆیان دەئاخننە ناو هەست و ڕۆحى ئەحمەد کایاوە ،ئەو ڕۆژانەش بوو بەشێک لەوەى زیاتر ئاشنا و شارەزایی زیاتر بەدەست بێنێت لەموزیک و ئاواز و ستران .
دەست و پەنجەکانى ئەحمەد لەگەڵ ژێی سازەکەى ئاوێتە بوون و بەردەوام موزیک و گۆرانى بوونەتە خۆراکى ڕۆحى ،گۆرانى و موزیکى بۆ خانەوادەو کەس و کار و هاوڕێکانى ژەنیوەو خوێندووە، کایا لەتەمەنى (9) ساڵیدا (1966) بۆیەکەم جار لەوکارگەیەى باوکى ڕەنجى تێدا دەدا بەبۆنەى ڕێزگرتن لەجەژنى کرێکاران ، شەوى ئەو یادە کایا بەدەنگى خۆش و ژەنینى سازەکەى ئاهەنگێک بۆ کرێکارانى کارگەى ڕستن و چنین سازدەکات و ئەوە بەیەکەم ئاهەنگ لەدەستپێکى ژیانى ئەحمەد کایە دەژمێردرێـت،
بەداخەوە بەهۆى نەدارى و گرانى بژێوى ژیانى خانەوادەکەى ئەحمەد کایا دەست بەردارى خوێندن دەبێت و زیاتر شان دەداتە بەرکارکردن لەگەڵ باوکیدا و بەڵام لەگەڵ ئارەزووە هونەرییەکەیدا بەردەوام دەبێـت،
ئەو گیانە یاخییەى کایاى دەست و پەنجە ڕەنگین و سترانبێژ زۆرجاران دووچارى گرفت بووە و ڕووبەڕووى زیندان بۆتەوە، بەڵام هەرکۆڵ نادات و بەردەوام دەبێت لەخۆناسین لەڕێی ژەنینى سازەکەیی و گۆرانییەکانیەوە، لەتەمەنى (16) ساڵیدا (1973) لەیانەى (زانستەکانى خەڵک) لەگەڵ هەندێک لەهاوڕێکانى تێکەڵاو بەکارى سیاسەت دەبێـت و موزیک و سیاسەت پێکەوە گرێ دەدات ،هەروەها بەمەبەستى دەرکەوتنى تواناى ژەنینى ئامێرى سازەکەى، دەچێتە کۆنسێرتى سازژەنى نێودارى ئەوسەردەمە هونەرمەند( ڕووحى سۆ) ، دواى کۆنسێرتەکە داوا لە ( ڕووحى سۆ) دەکات گوێ لەسازژەنینەکەى بگرێت و هەڵسەنگاندنى بۆبکات، ڕووحى لەنیوەى ژەنینى ئەحمەد کایا ، سازەکەى لێوەردەگرێت و پێێ دەڵێت (ساز نابێ بەو شێوەیە بژەنرێ وەک ئەوەى سوارى ئەسپ بى ؟!) دواى ئەوە ئەحمەد کایا بەبێ گوێدانە خوێندنەوەکەى ڕووحى سو ، هەرلەسەر شێوازى ژەنینەکەى خۆى بەردەوام دەبێت و بووە (3) .
لەساڵى (1977) لەگەڵ خانەوادەکەیدا شارى مەڵاتیا جێدەهێڵن و ڕوو دەکەنە گەورە شارى ( ئەستەنبوڵ) لەتەک باوکیدا لەکۆمپانیایەکى هێڵى تەلەفۆن کاردەکەن، لەماوەى ژیانیدا کایا تا بۆتە گۆرانیبێژێکى ناودار گەلێک زەحمەتى کێشاوە و زۆر کارى کردووە (شۆفێرى تاکسى و شۆفێرى پاس و ...تاد ).
کایا لەوڕۆژەوەى هەستى بەبوونى خۆیی کردووە و ژینگەى خانەوادەکەیی و دەوروبەرەکەى بینیوە لەنێو ئەو نادادییەو ستەم و چەوساندنەوەى نەتەوایەتى و چینایەتیەدا، لەناخەوە هەستى بەئازار و ئەندێشەى خۆیی و دەوروبەرەکەى کردووە ، بۆتە مرۆڤێکى یاخى و هەرکاتێک ئەو ئازار و ڕووداوە خەمگینانەى بەچاو بینیوە لەڕێی دەنگ و هونەرەکەیەوە دەریبڕیوون، ستران و موزیکەکەى هەڵقوڵاوى ئەو چەوساندنەوە و ئازارانەى خەڵکەکەى بووە لەلایەن دەسەڵاتى تورکەوە چەوسێندراونەتەوە.
کەواتە ئەستەنبوڵ بۆ ئەحمەد کایا دەبێتە گۆڕەپانێکى فراوان بۆ دابینکردنى بژێوى ژیان و ڕۆچوونە نێو کارى سیاسی و خولیابوونى زیاترى ئارەزووەکەى ئەویش هونەرى گۆرانى و موزیک و هۆنراوە بووە.
کایا لەدنیا جوانەکەى هونەر لە ئەستەنبوڵ گەشە دەکات و ئاشنایی زیاتر لەگەڵ دەوروبەر پەیدا دەکات ، لەڕێکەوتى ( 1/4/1985) یەکەم ئەلبوومى خۆى وەک گۆرانیبێژێک بەناوى ( مەگرى ڕۆڵەکەم) بڵاو دەکاتەوە، ئەحمەد کایا ئاواز و ئامادەکردنى سەرجەم گۆرانییەکانى و هەندێک لەتێکستى ئەلبوومەکەی هى خۆى بووە و سوودى لە شیعرى ئەم شاعیرانە وەرگرتووە:
( ئەحمەد عارف ، سەلاحەدین عەلى، نازم حیکمەت،سەباحەدین عەلى، محەمەد عاکیف ئەرسۆى، قەرەج ئۆغڵان و دەمار عارف) (4).
ئەو یەکەم ئەلبوومەى ئەحمەد کایا لەبەرئەوەى هونەرەکەى بۆ ئەو سەردەمە شێوازێکى هونەرى نوێ بوو، ناوەڕۆک و ئامانجى گۆرانییەکان شۆڕشگێڕانەو بەڕۆحێکى کوردانەوە سکاڵاو گازاندەیە لەدەسەڵاتى حکومەتى ئەوسەردەمەى تورکیا لەبەرامبەر ئەو نادادپەوەرییەى دژ بە خەڵک، لەوکاتەدا هیچ دەزگایەکى هونەریی ئامادەنەبوون هاوکارى بکەن ، ئەوهەڵوێستە شۆڤینیانە نەبووە ڕێگر لەبەردەم ڕێبازە هونەرییەکەى کایاى هونەرمەند، دواتر بەهەوڵ و هیمەتى هاوڕێ و دۆستەکانى و ئەو ڕۆح و هەستە یاخییەى توانى ئەلبوومى (مەگرى ڕۆڵەکەم) بڵاوبکاتەوە، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ بڵاوبوونەوەى ئەلبوومەکەى دەسەڵاتى تورکیە ڕێگرى لێدەکەن و نایەڵن بڵاوى بکاتەوە و بەئەلبوومێکى قەدەغەکراو دەناسرێت.
ئەحمەد کایا و ژیانى هاوسەرگیرى و کاریگەرى لەسەر پێگە هونەرییەکەى ..!
ئەحمەد کایا دواى تەواوبوونى لەخزمەتى سەربازى و گەڕانەوەى بۆ ژیانى ئاسایی و هونەرییەکەى، دووجار ژیانى هاوسەرگیرى ئەنجام دەدات،
یەکەم هاوسەرگیرى لەتەمەنى (22) ساڵیدا (1979) لەگەڵ خاتوو ( ئەمینە باشا) پێک دەهێنێ و دەبنە خاوەنى کچێک بەناوى ( چیدێم)، کایا لەساڵى (1981) لەهاوسەرى یەکەمى جیا دەبێتەوە.
لەساڵى (1985) لەگەڵ خاتوو ( گوڵتەن خەیاڵئۆغلوو) ژیانى هاوبەشى پێک دێنن و لەساڵى ( 1987) دەبنە خاوەنى کچێک بەناوى ( مێلیس) ، هاوسەرگییەکەیان لەکاتێکدایە ئەحمەد کایا دووەم ئەلبوومى خۆى (1985) بەناوى ( تێک ئاڵان بەئازار) بڵاودەکاتەوە، دواى هاوسەرگیرى کایە لە گەڵ خاتوو گوڵتەن زیاتر هەنگاو بۆنێو دنیاى هونەرى موزیک و ئاواز و گۆرانى هەڵدەگرێت، چونکە (یوسف خەیاڵئۆغڵوو) براى خاتوو گوڵتەنە و شاعیرێکى ناودارە، لەوکاتە بەدواوە زۆربەى هۆنراوەى گۆرانییەکانى ئەحمەد کایا هى ( یوسف خەیاڵئۆغڵوو) براى هاوسەرەکەیەتى.
ئەحمەد کایا بەردەوام دەبێـت لە خەبات و تێکۆشانى هونەریی و زیاتر لەنێو خەڵکیدا دەنگ و هونەرەکەى جێدەگرێت لەبەرئەوەى کارە هونەرییەکانى لایەنگر و پشتیوانى چینى هەژار و کەم دەرامەت و چەوساوەیە ، کایا لەساڵى ( 1986) ئەلبوومى سێیەمى بەناوى ( ئاوازى شەبەق) و ئەلبوومى چوارەمى بەناوى (کاتێک دێ) لەهەمان ساڵدا بڵاودەکاتەوە،
ئەو شێواز و هەستى ژەنین و خوێندنەى ئەحمەد کایا بەزمانێکى سادەو ناوەڕۆکێکى قوڵى پڕ لەجوانى و بەرزیی مرۆڤەکان و پشتیوانى بۆ چینى چەوساوە و نەدارى وڵاتەکەى ،دەبێتە هۆى زیندانیکردن و ڕێگرى لێکردن لە بڵاوبوونەوەى گۆرانییەکانى و ئەو ڕێگا و دەرفەتە هونەرییە لەبەردەم ئەحمەد کایا و هونەرەکەى لەلایەن شۆڤینیە تورکەکانەوە بەرتەسک دەبێتەوە و لەمپەرى بۆدروست دەکەن و مەبەستیانە بۆ هەمیشە ئەو دەنگە ئاشتیخوازە کپ بکەن.
ئەحمەد کایا وەک هونەرمەندێکى گۆرانیبێژ لە لە ساڵى (1993) دەچێتە (ئەڵمانیا) لەشارى (بەرلین) چەندین گۆرانى لەکۆنسێرتێکدا پێشکەشى ئامادەبوان دەکات ، ئەو کۆنسێرتە لەلایەن ( کۆمەڵەى بازرگانانى کورد) ەوە ڕێکخراوە، دواى بڵاوبوونەوەى وێنەى کۆنسێرتەکە لەڕۆژنامەى (حوڕییەت )، لەلایەن دادگاى ئاسایشى ئەستەنبوڵەوە ، تاونبار دەکرێـ ت و دۆسییەکى لەسەر دەکەنەوە و تاوانبارى دەکەن بەوەى کەسێکە خوڵقێنەرى دوژمنایەتى و هەوێنى ڕق و کینەیە ، لەپاڵ ئەوەشدا تاوانى هاوکاریکردنى پەکەکەى دراوەتە پاڵ ، لەسەر ئەو تۆمەتە ناڕەوایانە داواکراوە لە دادگا کەسزاى (10) ساڵ و نیوى بەسەر دا بسەپێندرێت؟!
ئەحمەد کایا و خەڵاتى باشترین هونەرمەندى ساڵ و هەژاندنى تورکیا ؟!
لەمانگى شوباتى ساڵى (1999) لەلایەن کۆمەڵەى ڕۆژنامەنووسانى مەگەزین مەراسیمێکى ڕێزلێنان بۆ باشترین گۆرانیبێژى ساڵ سازدەکات و مەراسیمەکە لەڕێکەوتى (10/2/1999) بەشێوەى ڕاستەوخۆ لەکەناڵە تەلەفزیۆنیەکانى تورکیادا پەخش دەکرێت ، هونەرمەند ئەحمەد کایا بەباشترین گۆرانیبێژى ساڵ دیارى کرا، بەڵام تائەو کاتە هونەرمەند ئەحمەد کایا ڕەچەڵەکى خۆى ( کوردبوون) ى خۆیی دەرنەخستووە، لەکاتى وەرگرتنى خەڵاتەکەو لەبەردەم ئامادەبووانى مەراسیمەکەدا و لەبەرچاوى هەموو بینەرانى کەناڵە تەلەفزیۆنەکانەوە ئەحمەد کایا بوێرانە وتەیەک بەوبۆنەیەوە پێشکەش دەکات و دەڵێت :
(ئەم خەڵاتە تەنیا ھی من نییە، من ئەم خەڵاتە بە ناوی کۆمەڵەى مافى مرۆڤ بە ناوی دایکانى شەممە و بە ناوی ھەموو ئەو کەسانەی کار بۆ مەگەزین میدیا دەکەن وەردەگرم، من ئەم خەڵاتە بە ناوی تەواوی تورکیاوە قبووڵ دەکەم، ھەروەھا حەز دەکەم شتێکی تریش بڵێم، با ھیچ کەسێک نەیەت پێم بڵێ کێ وەھا ئەرکێکی پێ داویت! مێژوو پێی داوم، لە ئەلبوومی داھاتوومدا، لەبەر ئەو حەقیقەتەی کە من بە ڕەسەن کوردم گۆرانییەک بە ناوى (کاروان) بە کوردی دادەنێم و ڤیدیۆکلیپیشی بۆ دەکەم، دەشزانم ھەندێ کەس ئەو بوێرییەیان ھەیە کە ئەم کلیپە بڵاو بکەنەوە، ئەگەر بڵاوی نەکەنەوە، ئەوا نازانم چۆن ڕووبەڕووی خەڵکی تورکیا دەبنەوە. سوپاس بۆ ھەموو لایەک) (5).
پەیامەکەى ئەحمەد کایا بووە چقڵێک بۆ چاوى ناحەزان و هونەرمەندە ڕەگەزپەرستە تورکەکان، ئەوانیش بەو پەڕى هێزەوە دژایەتیان کردووە و هێرشی ناڕەوایان کردۆتە سەر و تاوانباریان کردووە بە ( خیانەتکار) و دەبێت بڕۆیتە دەرەوە.
ئەو ڕووداوە دەبێتە مانشێتى سەرەکى ڕۆژنامەکانى تورکیا بەتایبەت ڕۆژنامەى (حوڕییەت) تۆمەتى هەڵبەستراوى وەک ناپاکى نیشتمان یان خستۆتە پاڵ لەهەموو لایەکەوە گورگە بۆرەکان هێرشى ناڕەواى دەکەنە سەر و تەنانەت هەڕەشەى کوشتنیش، داواکراوە کە دادگا سزاى زیندان و تەنانەت لەسێدارە دانیشى بۆ دەربکات.
( ئەحمەد کایا لەبەر ئەوەی دوای دەیان ساڵ گۆرانی ووتن بە تورکی، پێیان ڕەوا نەبینی بە زمانی دایک و زگماکی خۆی گۆرانیەك، یەک تاقە گۆرانی نێو سەدان گۆرانی تورکی، تەنها یەکێکی بە کوردی بچڕێ، لەچەند خولەکێكدا کردیانە تیرۆریست!)(6).
دادگاییکردنى ئەو هونەرمەندەى بۆ ئازادى چریکاندوویەتى ..!
دواى ئەو هەموو سوکایەتى و ناوزڕاندن و تۆمەتبارکردن بەخیانەت بەرامبەر بەدەوڵەت ، ئەحمەد کایاى هونەرمەند و بوێر دەستگیر دەکرێت و دەبرێتە بەردەم دادگا لەژێر ناوى خیانەتکردن بەنیشتمان ، کایاى چاونەترس و خاوەن هەڵوێست لەبەردەم دادوەردا پارێزگارى لەخۆى دەکات و هەموو ئەو تاوانانەى دراونەتە پاڵى ڕەتد دەکاتەوە و دەڵێت:
( لە ساڵی (1985) ەوە موزیکزانێکى پیشەییم، ژنم ھێناوە و دوو کیژی حەڤدە و دوازدە ساڵەم ھەیە. سەدان سترانم داناوە و گەلێ ئاوازیشم بۆ کەسانی دیکە داناوە، حەڤدە ئەلبوومم بڵاو کردووەتەوە کە چەندان ملیۆن دانەیان لێ فرۆشراوە، لە وڵاتانی دنیا کۆنسێرتم کردووە و چەند جارێک وەک گۆرانیبێژی ساڵ لەلایەن دەزگا ھونەرییە جۆراوجۆرەکانەوە ھەڵبژێردراوم و خاوەن دەیان خەڵاتم، تا تەمەنی (42) ساڵی لەم وڵاتەدا بە تورکی بیرم کردووەتەوە، بە تورکی گۆرانیم نووسیوە و وتووە.
ھاووڵاتییەکی ئەم دنیایەم کە خۆی بە موڵکی ھیچ ناوچەیەک نازانێ و ھەست و سۆزم سنووردار نەکردووە بە ھیچ شێوەیەک تا ئەو ڕادەیە کەسێکی موزیکژەنم، دڵم ئەوەندە گەورەیە جێگای چاکەی گشت زمان و کولتوور و باوەڕ و گۆرانییەکانی دنیای تێدا دەبێتەوە. خەڵاتێکی ترم وەرگرت (مەبەستی شەوی ١٠ی شوباتی ١٩٩٩یە) کەچی دنیام لێ گۆڕا، لەلایەن ھەندێ ھێزی دیار و نادیارەوە بە یەک شەو تۆمەتی خەیانەت، دووبەرەکیخواز، ئەڵقە لەگوێ و بێ ئەدەب و بێ ئەقڵ و شێتیان دایە پاڵم ، ڕوانگە و قسەی مرۆڤێک، کە بنەمای ھەموو ئەم تۆمەتانە، لە ھیچ وڵاتێکی پێشکەوتوو و یاسا پەروەردا بە تاوان و تۆمەت ناژمێردرێن)(7).
دادگاى ئاسایشى نیشتمانى تورکیا لەکۆتا دانیشتنى دا لەڕێکەوتى ( 30/4/1999) بەتۆمەتى خیانەتى نیشتمانى درایە پاڵ و بەبێ ئامادەبوونى هونەرمەند ئەحمەد کایا سزاى (10) ساڵ زیندانى بۆ دەرکرد.
بەرلەکۆتا دانیشتنى دادگا ئەحمەد کایە دواى ماوەیەکى کەم تورکیا بەجێ دێڵێ و ڕوودەکاتە فەرەنسا ،
(ئەحمەدکایا، وەک یڵماز گونەی و نازم حیکمەت، دەرپەڕێندرا؟!.
سێکوچکەی (حیکمەت، گونەی، کایا) لەوەتەی لە نیشتمان دەرکراون، زیاتر لەجاران لەناو نیشتمان و دڵ و دەروونی گەلەکانیاندا زیندوون، شۆڤێنیستەکان هەر تێنەگەیشتن و لەخۆیان نەپرسی، ئەو دەنگ و ڕەنگە بە دەرکردن و ڕاوەدوونان، ئەگەر خۆیشی لە جریوە بکەوێت، ویژدان و ئاواز و نەغمەی گۆرانییەکانی هەتا هەتایە لە دڵ و دەروون و گوێچکەی هەوادارانی هەر دەزرینگێتەوە)(8).
دواى بەسەربردنى ساڵ و نیوێک ژیان لەتاراوگە، ئەحمەد کایا لەڕێکەوتى (16/11/2000) بەهۆى جەڵتەى دڵەوە لەتەمەنى (43) ساڵیدا ژیانئاوایی دەکات، تەرمى ئەو هونەرمەندە یاخییە ئاشتیخوازە لە گۆڕستانى ناوداران (پیرلاشیز) لە شارى (پاریس) لەتەنیشت هەردوو گڵکۆى سیاستەمەتدارو تێکۆشەر شەهید ( د. عەبدولڕەحمان قاسملو 22/12/1930_13/7/1989) و ئەستێرەى سینەما (یەڵماز گونەى 1/4/1937_9/9/1984) وەک دەیان کەسایەتى و هونەرمەندى نەتەوەکەمان ئەسپەردەى خاکى غەریبى دەکرێت.
هونەرمەند ئەحمەد کایا لەماوەى (15) ساڵ ( 1985_2000) تێکۆشانى هونەریی و چڕینى گۆرانى بەتورکى، (22) ئەلبوومى هونەریی لەگۆرانى موزیک تۆمارکردووە، تالەژیاندا بووە (17) ئەلبوومى بڵاوکردۆتەوە، هەروەها بەشدارى لەچەندین ئاهەنگ و کۆنسێرت کردووە و چەندینى خەڵاتى وەرگرتووە.
خەڵاتەکانى کاتێک لەژیاندا بووە و دواى کۆچى ناوادەى هونەرمەند ئەحمەد کایا .
1/ خەڵاتی گۆرانیبێژی ساڵ (1999) ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی تابلۆید (شەوى 10/2/1999)
2/ خەڵاتی سەرۆکایەتیی تورکیا ، پاش مەرگى هونەرمەند.
3/ خەڵاتی داوای لێبووردن ، ساڵى (2012) لەلایەن ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی تابلۆید ، ئەو ڕێکخراوەى مەراسیمى ڕێزلێنانى گۆرانیبێژى ساڵى لە (10/2/1999) بەخشی یە هونەرمەند ئەحمەد کایا و لەوشەوەدا تاوانى خیانەتکارى درایە پاڵ.
ئەلبوومە هونەرییانەى تالەژیاندا بووە بڵاوى کردوونەتەوە :
1/ مەگری کۆرپەلەکەم (1985)
2/ تێکئاڵان بە ئازار (1985)
3/ ئاوازی شەبەق (1986)
4/ کاتێ دێ (1986 )
5/ دیموکراتی ماندوو (1987)
6/ سەربەرزدەکەمەوە (1988)
7/ خوێندنەوە( 1- 1989)
8/ گوڵێکی نییەت چاک (1989)
9/ خوێندنەوە(2-1990)
10/ دیواری خۆشەویستی (1990)
11/ تووشی بەڵا بووم (1991)
12/ بەرم مەکەوە ئەسوتێی (1992)
13/ ناجێگیر (1993)
14/ گۆرانییەکانم بۆ شاخەکانە (1994)
15/ بمدۆزەوە (1995)
16/ ئەستێرە و مانگەشەو (1996)
17/ بەرامبەر دۆست و دوژمن (1998).
ئەو ئەلبوومە هونەرییانەى دوای کۆچى ناوادەى ئەحمەد کایا لەلایەن خاتوو ( گوڵتەن خەیاڵئۆغلوو) ى هاوسەرى یەوە بڵاوکراونەتەوە:
1/ خوات لەگەڵ چاوەکەم (٢٠٠١)
2/ تۆزێکیش تۆ بگری (٢٠٠٣)
3/ با داواکەم بمێنێ (٢٠٠٥)
4/ فرمێسکەکانم بوونە ھەزارساڵە (٢٠٠٦)
5/ بابائەرۆ تەنھام ئەحمەد کایا (٢٠١٢).
دەنگ و هونەر و موزیکى هونەرمەند ئەحمەد کایا ، دواى چەندین ساڵ ژیانئاوایی، کەچى ڕۆژ بەڕۆژ لەنێو جەماوەر و هەوادارانى هونەرەکەیدا پەرەدەسەنێ و هونەرەکەى زیندووە ؟! چونکە هونەرەکەى زۆر بەزمانێکى سادە بەڵام بەمانایەکى قوڵ و فراوان گوزارشت لە عەشق و ژیان دۆستى و دژى چەوساندنەوەى مرۆڤ بووە .
هەرچەندە گۆرانى (کاروان) بەیەکێک لە گۆرانییە ناودارەکانى هونەرمەند دەژمێردرێت کە بەزمانى کوردى خوێندوویەتى و مێژوو و ناوەرۆکێکى پڕ سۆزو خۆشەویستى و دابڕانى تێدا بەرجەستە بووە، بۆ ئەوەى لاى هەوادارانى دەنگ و هونەریی هونەرمەند ئەحمەد کایا ڕۆشن بێت، یەکێک لە میلۆدییە بەسۆزەکانى ئەحمەد کایا، هونەرمەند ناسرى ڕەزازى خوێندوویەتى و تێکستەکەشى وەرگێڕاوەتە سەر زمانى کوردى بەناوى ( سۆزت دامێ)...
( سۆزت دامێ و نەهاتى
بەدڵ چاوەڕێم کردى، ئازیز بۆچى نەهاتى).
ماوەى بیست و شەش ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر کۆچى دوایی هونەرمەند ئەحمەد کایا و تائێستا هەرگۆڕغەریبە و گڵکۆکەى نەبراوەتەوە زێدەکەى خۆى؟! بەڵام خانمە هونەرمەند ( ئایشە شان1938_18/12/1996 ) دوای تێپەڕبوونی (29) ساڵ گۆڕغەریبى، لەڕێکەوتى (18/6/2025) تەرمەکەی لە ئیزمیری تورکیاوە گەڕێندرایەوە زێدەکەى شارى (ئامەد) ى باکوورى کوردستان و بەخاک سپێردراوەتەوە.
خاتوو ( گوڵتەن خەیاڵئۆغلوو) ى هاوسەرى ئەحمەد کایا وتوویەتى ( تالەتەلفزیۆن و ڕادیۆى تورکیاوە قەدەغە لەسەر گۆرانى کوردى هەڵنەگیرێت ، نامەوێت تەرمى کایا ببەمەوە تورکیا) ، ئەوەش هەڵوێستێکى بەرزى هاوسەرەکەیەتى، بەڵکو ئەو داوایەى بێتە دى و گڵکۆکى ( یەڵماز گونەیی و ئەحمەد کایا ) بەخاکى کوردستان وەک خاتوو ئایشە شان شادببنەوە .
دواى سێ ڕۆژ لەکۆچى ناوادەى هونەرمەند ئەحمەد کایا، هونەرمەند و پێشمەرگە ( حەمە جەزا1949_1/10/2010) وەک هاوخەمى و سۆزێک بۆ ئەحمەد کایاى هونەرمەند لە غوربەتەوە لەوڵاتى (دانیمارک) ەوە هۆنراوەیەکى کردۆتە دیارى بۆ ڕۆحى پاکى هونەرمەند ئەحمەد کایا ، دروود و سڵاو و چەپکە گوڵ بۆ ڕۆحى پاکى ئەحمەد کایاى هونەرمەند، یاد و یادەوەریی و هونەرەکەى بۆهەمیشە بەرزو پیرۆز بێت .
هۆنراوەى (ماڵئاوایی) هونەرمەند حەمە جەزا پێشکەشە بەڕۆحى کایا ى شۆڕشگێڕو یاخى ...
(بارو بارخانەکەت لێک نا و ماڵئاوایت کرد لەوڵات
حەیف و مەخابن داخەکەم ئاسۆى ڕووناکیت هەڵنەهات
چل و سێ ساڵى تەمەنت دەست بەسەر بووى خۆشیت نەدى
بێ ئومێدچاوانت لێک نا ، وڵاتى سەربەخۆت نەدى
لەجێی چەک و کەرەسەى شەڕ ، سازەکەى خۆت کرد بەتفەنگ
دەنگى ئازادى هەڵێنى ، بۆئاشتى خوازى نەک بۆ جەنگ
هەمیشە زیندان و بەند بووى لەژێر چەپۆکى زۆردارا
بۆبەهانەیەک دەگەڕان چۆن هەڵت واسن بەدارا
دیارە مەینەت و پەژارەى کارەساتێکى لەپڕا
هەستى گیانى داخورپانى ، بۆیە چرپەت لەدڵ بڕا
لەکوردستان لەدایک بووى ، چاوانت لەوێ هەڵهێنا
دوو مەتر زەویت پێ نەبڕا لەفەرەنسا چاوت لێک نا
لەم مەزارى گۆڕستانە میوانى دوو پیاوى زاناى
قاسملوو لاى شانى چەپتەو لاى ڕاستیشت یەڵماز گۆناى
لەپاش ئەوان چى ڕووى داوە ورد ورد بۆیان بگێڕەوە
باوەش کە بەهەردووکیانا ڕێێ خەباتیان بڵێرەوە
نەپاشایی و ماڵى دنیا نەسەروەت و پلەو پایە
ناگاتە ئەوەى کە کرا بۆ هونەرمەند ئەحمەد قایە
ئاواتى هەموو کوردێکە ئاڵاى کوردستانى دێرین
دەترسم ئێمەش وەک قایە بەچاوى خۆمان نەیبینین ..!(*) .
جەمال عومەر ( جەمالى دەلاک) 1/9/2026.
سەرچاوە:
(1) (*)هۆنراوەى ماڵئاوایی ، نووسینى هونەرمەند و پێشمەرگە(حەمەجەزا) لەڕێکەوتى ( 19/11/2000) ( هێرلیو/دانیمارک) پێشکەشى کردووە بە ڕۆحى پاکى هونەرمەند(ئەحمەد کایا) ، کتێبى ( هۆنراوەکانى هونەرمەند و پێشمەرگە حەمە جەزا) ئامادەکردنى (د.عەبدولواحید ئیدریس شەریف) لاپەڕە ( 312).
(2)دیوانى گۆران ، سەرجەم شیعرەکانى عەبدوڵڵا گۆران ، کۆکردنەوە و پێشەکى ( محەمەدى مەلا کەریم ) لاپەڕە (347).
(3 و 5 و 7 ) ئەحمەد کایا ..لەئینسایکڵۆپیدیاى ئازادى و ویکپیدیاوە .
(4)ئەحمەد کایا : هونەری ئازادى و خۆشەویستى ، (ڕێژوان تەها) نووسەر و موزیسیان ، 12/11/2024 ،سایتى موزیک ناس.
(6 و 8 ) ئەوکاتەی ئەحمەد کایەم ناسی؟!
هاوار مستەفا خان، تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک (25/7/2023).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.