بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەی گولە تۆپێک لە ناو ماڵێکدا، دوو کەس گیانیان لەدەست دا.
ڕائید ئاکام قوتبەدین ئاغاوەیس، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە کاتژمێر 12:15 خولەکی نیوەڕۆ ئاگادار کراونەتەوە لە ڕووداوێکی تەقینەوە لە گەڕەکی (کانی ماران). دەستبەجێ تیمەکانی بەشی پۆلیسی بەڵگەکانی تاوان و بنکەی پۆلیسی ناو شار بە هاوکاریی هێزەکانی ئاسایشی هەڵەبجە گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ڕووداوەکە لە ئەنجامی دەستکاریکردنی گولە تۆپێک لە ناو خانووێکدا ڕوویداوە و بەهۆی تەقینەوەکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە کە بریتین لە: نەوزاد مارف ساڵح، لەدایکبووی ساڵی 1984. لەگەڵ سەرهەنگ کەبیر ئەمین، لەدایکبووی ساڵی 1990.
لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد لەبارەی چۆنیەتیی ڕووداوەکە کردووە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.