بەڵگەفیلمی (ژیان دوای ئازادی) لە دەرهێنانی سینەماکار شەماڵ حوسێن، بە فەرمی بۆ بەشداریکردن لە کێبڕکێکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەحمەدئاباد (AIFF) لە وڵاتی هیندستان کاندید کرا. ئەم بەرهەمە کوردییە پێشتر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نمایش کراوە و سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، ئێستاش لە چوارچێوەی چالاکییە جیهانییەکانیدا هەنگاو بەرەو بەدەستهێنانی خەڵاتێکی تری نێودەوڵەتی دەنێت.
دەرهێنەر شەماڵ حوسێن لەبارەی بەڵگەفیلمەکەیەوە بە (کوردستان تیڤی)ـی ڕاگەیاند: "ئەم بەڵگەفیلمە 22 خولەکییە، چیرۆکێکی مرۆییی کاریگەر لەسەر ژیانی گەنجانی کوردی ئێزدی لە دوای ڕزگاربوونیان لە ژێر دەستی داعش دەگێڕێتەوە. ناوەڕۆکی فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر ئیرادەی ئەو گەنجانە بۆ دەستپێکردنەوەی ژیان لە ڕێگەی هاوسەرگیری و دروستکردنی خێزان، سەرەڕای ئەو زەبرە دەروونییە قورس و ناخۆشیانەی لە ماوەی ڕابردوودا بەسەریان هاتووە".
شەماڵ حوسێن لە ڕێگەی ئەم بەرهەمەوە توانیویەتی سەرنجی ناوەندە جیهانییەکان بۆ لایەنی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی قوربانیانی جەنگ ڕابکێشێت. کاندیدکردنی (ژیان دوای ئازادی) لە فێستیڤاڵێکی هیندستان، پاش نمایشکردنی لە ئەمریکا، وەک دەستکەوتێکی نوێی سینەمای کوردی ئەژمار دەکرێت کە تێیدا پەیامی ئاشتی و ژیانەوەی گەلی کورد بە زمانی هونەر دەگەیەنرێتە بینەرانی جیهان.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەحمەدئاباد بۆ ساڵی 2026، خشتەی چالاکییەکانی خۆی ڕاگەیاندووە کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. بەپێی کارنامەکە، لە ڕۆژانی 30ـی ئەیلوول و 1ـی تشرینی یەکەم، نمایشکردنی فیلمە کاندیدکراوەکان بەڕێوە دەچێت، کە فیلمی (ژیان دوای ئازادی)ـیش یەکێک دەبێت لە بەرهەمە دیارەکان. بڕیارە لە ڕۆژی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە مەراسیمێکی تایبەتدا خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ بەسەر براوەکاندا دابەش بکرێن. ئەم خولەی فێستیڤاڵەکە لەلایەن (ڕێمبۆ ئیڤێنتس) و (ئۆمگورو فیلمس)ـەوە ڕێکخراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.