Erbil 31°C یەکشەممە 30 ئاب 17:46

ڕووسیا ئامادەکارییەکانی بۆ لێدانی چڕ بۆ سەر کەرتی وزەی ئۆکراینا ڕاگەیاند

100%

ئه‌مڕۆ یەکشەممە 30ی ئاب، حكوومه‌تی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئامادەکاری دەکات بۆ لێدانی چڕ بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە لە ئۆکراینا، لەکاتێکدا چەند مانگێکە هەردوو وڵات هێرشەکانیان بۆ سه‌ر یه‌كتر چڕتر كردووه‌ته‌وه‌.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە ڕێگەی تێلێگرامەوە ڕایگەیاندووە، "هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا ئامادەکارییەکانی بۆ لێدانی چڕوپڕ بۆ سەر دامەزراوەکانی کەرتی وزە لە ئۆکرانیا دەستپێکردووە، ئه‌وه‌ش لە کاردانەوەی هێرشە بەردەوامەکانی کیێڤ بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی و کەرتی نەوت و وزەی ڕووسیا."

لە زستانی ڕابردوودا مۆسکۆ هێرشەکانی بۆ سەر وێستگەکانی کارەبای ئۆکرانیا پەرەپێدا و زیانی زۆری بە کەرتەکە گەیاند و لە ئەنجامدا کارەبا و گەرمکەرەوە بۆ ملیۆنان کەس پچڕان.

ماوەی چەند مانگێکە ئۆکرانیا و ڕووسیا هێرشە دوورمەوداکانیان پەرەپێدەدەن و ژمارەیەکی زۆرتر لە شوێنە ژێرخانە مەدەنییەکانی وەک کۆگا و دوکان و دامەزراوە نەوتییەکان و بەندەرەکان و کەشتییەکانی یه‌كتر دەکەنە ئامانج.

ئەم هێرشه‌ سه‌ربازییانه‌ی هه‌ردوولا زیانی گیانی زۆری بۆ سه‌ر هاووڵاتییانی مەدەنی هه‌ردوو وڵات لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یەکشەممەش سوپای ڕووسیا ڕایگەیاند: کە بە شەوێک لە کیێڤ کۆمپلێکسێکی بەرهەمهێنانی ئاسبێستۆس و چیمەنتۆیان كردووه‌ته‌ ئامانج، کە بە گوتەی مۆسکۆ کۆگاکانی بۆ هەڵگرتنی تەقەمەنی بەکاردەهێنرا.

 هەروەها کارگەیەکیش كه‌ بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و جۆره‌كانی تەقەمەنی بەکاردەهێنرا كراوه‌ته‌ ئامانجی سوپای رووسیا.

جێی باسه‌، ئۆكراینا داوای پشتگیریی زیاتر له‌ هاوپه‌یمانه‌ ئه‌وروپییه‌كانی ده‌كات، تایبه‌ت بۆ مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانی، له‌لایه‌كی تر رووسیا له‌ هه‌ڵوێستی دوژمنكارانه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا نیگه‌رانه‌ و هێرشه‌كانی وه‌كو تۆڵه‌یه‌ك ده‌بینرێ به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی وزه‌ و مه‌ده‌نییه‌كانی ئۆكراینا.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.