Erbil 31°C ھەینی 11 ئەیلوول 16:40

پاشای نەرویج كۆچی دوایی كرد

کوردستان TV
100%

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی هاراڵدی پێنجەم پاشای نەرویج لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، دوای ئەوەی چەند ڕۆژێک پێش ئێستا گەیەنرابووە نەخۆشخانە بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستی و تووشبوونی بە نەخۆشییەکی دەگمەنی خوێنەوە.

كۆشكی شاهانەی نەرویج لە ئۆسلۆ ڕایگەیاند: پاشا هاراڵدی پێنجەم لە کاتژمێر 06:35ی بەیانی ئەمڕۆ هەینی لە نەخۆشخانەی نیشتمانی لە ئۆسلۆ کۆچی دوایی کرد.

هاراڵدی پێنجەم یەکەم پاشای نەرویجە کە لە دوای سەدەی چواردەهەمەوە لەناو خاکی نەرویجدا لەدایک بووبێت، پێش 35 ساڵ بۆ یەكەمجار چووە سەر تەختی پاشایەتی.

پاشا هاراڵدی پێنجەم میراتێکی نوێ و هاوچەرخی لەدوی خۆی بەجێهێشت ئەویش نزیکبوونەوەیەكی زۆر بوو لەگەڵ خەڵك و گەلەكەی، بەوەی نەریتەکانی شکاند و لەگەڵ کەسێکی ئاساییدا هاوسەرگیریی کرد، هەروەها ڕۆڵی هەبوو لە یەکخستنی نەرویجییەکان لە سەختترین قەیرانەکاندا، بەتایبەتی دوای هێرشەکانی ئۆسلۆ و ئۆتۆیا لە ساڵی 2011 کە داوای لێکردن هەرگیز لەبەرامبەر ترس و تۆقاندندا خۆ بەدەستەوە نەدەن.

چاوەڕوان دەکرێت دوای كۆچی دوایی پاشا هاراڵدی پێنجەم، شازادە ها کۆن کوڕی شوێنی بگرێتەوە.

خەڵكی نەرویج پاشای کۆچکردوویان بە (پاشای گەل) و (باپیرەی نەتەوە) وەسف دەكرد، بەهۆی بێوەیی و نزیکی لە هاووڵاتییانەوە. لە سەردەمی دەسەڵاتیدا پاشا هاراڵد سیستەمی پاشایەتی لە دۆسیەکانی دارایی و تەندروستیدا شەفافتر کرد.

لەم ساڵانەی دواییدا خێزانی پاشایەتی نەرویج ڕووبەڕووی ئاستەنگ و پشێوی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەندروستی زۆر بوونەوە، لەوانە پەیوەندیی مێت ماریت (شازادەی جێنشین) بە دۆسییەی جێفری ئێپستین، سزادانی کوڕەکەی ماریۆس بۆرگ هۆیبی بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی، کە ئەمانە کاریگەری گەورەیان لەسەر جەماوەریی سیستەمی پاشایەتی هەبوو و بەپێی ڕاپرسییەکان بۆ 54% دابەزی بوو.

پاشا هاراڵدی پێنجەم کە لە 21ی شوباتی 1937 لەدایک بوو، منداڵییەکی پڕ لە ئاڵۆزی لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا بەسەر برد، کاتێک لەگەڵ خێزانەکەیدا ڕایان کرد بۆ سوید و دواتر بۆ ئەمریکا، دوای کۆتایی هاتنی جەنگیش گەڕایەوە نەرویج.

پاشا هەروەها وەرزشوانێکی لێهاتوو بوو کە سێ جار نوێنەرایەتیی نەرویجی لە یارییە ئۆڵۆمپییەکاندا کردووە، چالاکوانێکی ژینگەیی بوو کە لقی نەرویجیی بۆ سندوقی جیهانیی سروشت (WWF) دامەزراند.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.