Erbil 31°C ھەینی 28 ئاب 07:56

ئەمساڵ لە ئێران زیاتر لە 500 کەس لەسێدارەدراون

کوردستان TV
100%

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای ئەمساڵەوە (2026) زیاتر لە 500 کەسی لەسێدارە داوە، ئەمە لە کاتێکدایە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریکا داوای لە تاران کردبوو بەپەلە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕابگرێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئێران کە بنکەکەی لە وڵاتی نەرویجە ئاشکرای کردووە، لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە لانیکەم لە ئێران 511 کەس لەسێدارە دراون، 29 لەوانە لەسەر بەشداریكردنیان لە خۆپێشاندانەكانی دژی حکوومەت لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو بووە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە لەنێو سزادراوەکان 16 ژن و 13 زیندانیی سیاسیی سەر بە گرووپە ئۆپۆزسیۆنە قەدەغەکراوەکان هەن.

چالاکوانان دەڵێن كە دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ ترساندن بەکار دەهێنن، بەتایبەتی دوای هەڵگیرسانی خۆپێشاندانەکان و جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە 28ی شوباتدا.

مەحموود ئەمیری موقەدەم كە بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکەیە بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی  ڕایگەیاندووە: سەرجەم سزاکانی لەسێدارەدان بەبێ گوێدانە جۆری تۆمەتەکان، ئامانجێکی ناوخۆیی ڕوونیان هەیە کە بەرهەمهێنانی ترس و ڕێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندانی نوێ.

بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە نەشی شاردۆتەوە كە پێشبینی دەكەن رەوشەكە لە مانگەكانی داهاتوو لە شارەكانی ئێران خراپتریش ببێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پێشتر لە پۆستێكدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیال) نووسیبووی: کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەرەو داڕمانە، مووچەی بەشێکی گەورە لە سوپاکەی نادات، ئەو سوپایەی لە هەمانکاتدا خۆپێشاندەران دەکوژێت.

 ترەمپ جەختیشی کردبووەوە كە سزای لەسێدارەدان و كوشتنی خۆپیشاندەران لە ئێران قەیرانێکی مرۆیی گەورەیە و دەبێت بەپەلە ڕابگیرێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.