مانەوە بۆ ماوەیەکی درێژ لە ناو ماڵ یان نووسینگە، ڕەنگە وەک خوویەکی ئاسایی دەربکەوێت، بەڵام کەمبوونەوەی بەرکەوتنی تیشکی خۆر دەبێتە هۆی سنووردارکردنی توانای جەستە بۆ بەرهەمهێنانی ڤیتامین D، ئەمەش بە تێپەڕبوونی کات کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی ئێسکەکان دروست دەکات.
کێشەی کەمیی ڤیتامین D هەمیشە بە نیشانەی ئاشکرا دەست پێ ناکات؛ ڕەنگە کەسەکە بۆ ماوەیەکی درێژ ئاستی ڤیتامینەکەی نزم بێت و هەستی پێ نەکات، تا ئەو کاتەی نیشانەکانی وەک ماندوێتی، بێهێزیی ماسولکەکان یان ئازاری ئێسک دەردەکەون.
بۆچی ئێسک پێویستی بە ڤیتامین D هەیە؟ ئەم ڤیتامینە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە مژینی کالیسیۆم و فۆسفۆر، کە دوو کانزای بنەڕەتین بۆ بنیاتنانی ئێسک و پاراستنی بەهێزییەکەی. بەپێی توێژینەوە پزیشکییەکان، لە کاتی نەبوونی بڕی پێویستی ئەم ڤیتامینە، ئێسکەکان فشەڵ و ناڕێک دەبن. لە منداڵاندا کەمیی توندی ئەم ڤیتامینە دەبێتە هۆی نەخۆشیی (کساح) و لە گەورەکانیشدا دەبێتە هۆی نەرمبوونەوە و ئازاری بەردەوامی ئێسکەکان و زیادبوونی ئەگەری شکان.
کێ زیاتر ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە؟ توانای جەستە بۆ بەرهەمهێنانی ئەم ڤیتامینە تەنها پەیوەست نییە بە تیشکی خۆرەوە، بەڵکو بەم هۆکارانەش کاریگەر دەبێت:
1. تەمەن: بەساڵاچووان توانای پێستیان بۆ بەرهەمهێنانی ڤیتامینەکە کەمدەبێتەوە.
2. ڕەنگی پێست: ئەوانەی پێستیان تۆخە، بەهۆی بەرزیی ڕێژەی میلانین، پێستیان کەمتر ڤیتامین D بەرهەم دەهێنێت.
3. شێوازی ژیان: ئەو کەسانەی زۆربەی کاتیان لە ناو باڵەخانەکاندا بەسەر دەبەن.
4. نەخۆشییەکان: ئەو کەسانەی کێشەی گورچیلە، جەرگ یان مژینی خۆراکیان هەیە.
سەرچاوەیەکی گرنگ تیشکی خۆر تەنها سەرچاوە نییە، بەڵکو دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەم خۆراکانەشەوە ڤیتامین D بەدەست بهێنرێت:
- ماسییە چەورەکان (سەلمۆن، ماکریل و سەردین).
- زەردێنەی هێلکە و قارچک.
- ئەو بەرهەمانەی بە ڤیتامینەکە دەوڵەمەند کراون (وەک هەندێک جۆری شیر و دانەوێڵە).
پزیشکان ئامۆژگاری دەکەن کە بەکارهێنانی حەب و تەواوکەرە خۆراکییەکان دەبێت تەنها دوای پشکنینی خوێن و بە ڕێنمایی پزیشک بێت. بەکارهێنانی ژەمە دەرمانی زۆر و ناپێویست، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی کالیسیۆم لە خوێندا، ئەمەش مەترسیی دروستبوونی بەردی گورچیلە و کێشەی دڵ زیاد دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.