وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی گوژمەی دارایی بۆ چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە گەرمیان، کەلار، کفری و چەمچەماڵ دا
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی ئاب، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی هەوڵەکانمان بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەکان و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، لە چەند فەرمانێکی وەزاریدا ڕەزامەندیمان نیشان دا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی دارایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژە لە سنووری گەرمیان، کەلار، کفری و چەمچەماڵ.
ئەم پڕۆژانە کە تێچووەکەیان لەسەر داهاتی شارەوانی و ئاو دابین کراوە، سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاوی گەرمیان و کەلار، لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی شارەوانیی چەمچەماڵ و کفرى دەگرێتەوە. پڕۆژە پەسەندکراوەکان بریتین لە:
1. لە شاری کفری:
- جێبەجێکردنی پڕۆژەی دووسایدی لای مزگەوتی ئاشتی.
- پڕۆژەی دووسایدی گەڕەکی شەهیدان.
- پڕۆژەی دووسایدی ئەنفالەکان.
2. لە چەمچەماڵ:
- دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی بۆ بەشێکی گەڕەکی خان.
- دابینکردنی تۆڕی ئاو بۆ ئاودانی باخچەکان لە ناوچەکەدا.
3. لە گەرمیان:
- دابینکردنی ئامێرە تەکنیکییەکانی "Soft Starter" و "VFD" بۆ گەنجینەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی گەرمیان.
4 . لە کەلار:
- ئەنجامدانی کارەکانی چاکسازی لە پەمپ و ماتۆڕەکانی یەکەی وەرگری پڕۆژەی ئاوی کەلار 1.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.