بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕە ئازادەکانی ئێراندا بۆ یەکەمجار گەیشتە 2 ملیۆن ڕیاڵ (200 هەزار تمەن)، ئەمەش نزمترین ئاستی مێژوویی دراوی نیشتمانیی ئەو وڵاتەیە کە تا ئێستا تۆمار کرابێت. ئەم داڕمانە نوێیەی بەهای ڕیاڵ لە کاتێکدایە کە گرژییە سیاسییەکان و ناسەقامگیریی ئابووری لە ناوخۆی ئێراندا ڕووی لە زیادبوون کردووە.
ئەم هەڵکشانە کتوپڕەی بەهای دۆلار بووەتە هۆی دروستبوونی شڵەژان لە ناوەندە بازرگانییەکاندا، چونکە بەرزبوونەوەی دراوی بیانی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەل و پێداویستییە سەرەتاییەکان هەیە. شارەزایانی ئابووری پێیان وایە کە سزاکانی ئەمدواییەی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی بانکی و دڵنیانەبوونی وەبەرهێنەران لە داهاتووی سیاسیی ناوچەکە، هۆکاری سەرەکیی ئەم ناسەقامگیرییەن کە تادێت باری دارایی هاووڵاتییان قورستر دەکات.
ئابووریی ئێران لە ساڵی 2018وە، دوای کشانەوەی تاکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و سەپاندنی زنجیرەیەک سزای توند بۆ سەر کەرتی نەوت و بانکی، تووشی قەیرانێکی قووڵ بووە. حکوومەتی ئێران لەم ساڵانەی دواییدا چەندین ڕێکاری بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دراو گرتووەتە بەر، بەڵام فشارە نێودەوڵەتییەکان و گۆشەگیرکردنی دارایی ئەو وڵاتە ڕێگربوون لەوەی دراوەکە ئاستی جێگیریی خۆی بپارێزێت، ئەمەش وای کردووە ڕێژەی هەڵئاوسان بگاتە ئاستێکی بێپێشینە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.