Erbil 31°C شەممە 29 ئاب 17:29

هه‌وڵێكی تیرۆركردنی یائیر كوڕی بنیامین نه‌تانیاهۆ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كرێت

کوردستان TV
100%

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان چه‌ند ورده‌كارییه‌كیان لەسەر پووچەڵکردنەوەی پیلانێکی تیرۆرکردن ئاشکرا کرد کە یائیر نتنیاهۆ کوڕی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کردبووە ئامانج، دوای ئەوەی هەواڵگریی ئیسرائیل جووله‌ی گوماناوی ئێرانی لە شاری میامی لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا به‌دی كردبوو.

بەپێی هه‌واڵێكی ئاژانسی "نیوزماکس" كه‌ له‌سه‌ر زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا گواستوویەتییەوە، هەواڵگریی ئیسرائیل لە کانوونی یەکەمی 2025 زانیاری لەسەر پیلانەکە دەستکەوتووە، دوای گومانکردن لە بوونی کەسانی پەیوەندیدار بە ئێران لە میامی کە چاودێری شوێنی نیشتەجێبوون و جوولەکانی یائیریان کردووە. لەسەر ئەم بنەمایە ڕێنمایی بەپەلە دراوە بە یائیر بۆ بەجێهێشتنی فلۆریدا و دواتر بە شێوەیەکی لەناکاو گەڕاوەتەوە بۆ ئیسرائیل.

ئەم زانیارییانە لە کاتێکدا بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ کە ماوه‌یه‌كه‌ ناڕەزایەتییه‌كان له‌ ناوخۆی ئیسرائیلدا لە دژی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی پاسەوانی و پاراستنی ئەمنی خێزانی نتنیاهۆ زیادی كردووه‌، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان کە بڕیارە لە 27ی تشرینی یەکەم بەڕێوەبچێت.

پێشتر بنیامین نه‌تانیاهۆ ئاماژەی بە هەوڵێکی ئێرانییه‌كان کردبوو بۆ ئامانجگرتنی یەکێک لە کوڕەکانی و ڕایگەیاندبوو "ئێران هەوڵی داوە یەکێک لە کوڕەکانم بکاتە ئامانج". بەبێ ئەوەی دیاری بکات ئایا مەبەستی یائیر بووە یان ئەڤنێری، هەروەها هیچ بەڵگەیەکی ئاشکرای لەسەر ڕووداوەکە نەخستبووە ڕوو.

لە لایه‌كی دیكه‌وه‌ لێژنەیەکی دەزگای ئاسایشی ناوخۆیی ئیسرائیل (شاباک) لە تەمموزی ڕابردوودا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر درێژکردنەوەی ڕێکارە ئەمنییەکانی پاراستن بۆ هەردوو کوڕەکەی نتنیاهۆ بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیكه‌، جگه لە دابینکردنی پاراستنی هەمیشەیی بۆ سارای هاوسەری، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.