Erbil 31°C ھەینی 28 ئاب 22:38

ئەشرەف غەنی: ئەگەر ئەفغانستانم جێنەهێشتایە ناچار دەکرام شەرعییەت بدەم بە تاڵیبان

Kurdistan Ahmed
100%

ئەشرەف غەنی سەرۆک کۆماری پێشووی ئەفغانستان ڕایگەیاند کە لە بڕیاری جێهێشتنی وڵاتەکەی لە مانگی ئابی 2021 پەشیمان نییە و ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر لە کابوول بمایەتەوە، ناچار دەکرا دان بە شەرعییەتی دەسەڵاتی تاڵیباندا بنێت. غەنی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنیی (ئارتێ)ی ئەوروپی جەختی کردەوە کە نەیویستووە قۆناغی کۆمار لە وڵاتەکەیدا بەوە کۆتایی بێت کە دەمانچە بخرێتە سەر سەری و ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکرێت.

سەرۆک کۆماری پێشووی ئەفغانستان ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی لە ڕۆشتن لەو ساتەوەختە هەستیارەدا ئەوە بووە ببێتە شایەتحاڵێکی زیندووی مێژوو و بە ئەمریکا و هاوپەیمانیی ناتۆ نیشان بدات کە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانیان چ دەرهاویشتەیەکی ترسناکی لێکەوتووەتەوە. غەنی گوتیشی: نەمویست کەسانی تر لە جیاتی من قسە بکەن، من شایەتحاڵێکی زیندووم کە دەتوانم خۆم گێڕانەوە بۆ ڕووداوەکان بکەم.

ئەفغانستان لە 15ی ئابی 2021 دوای چوونە ناوەوەی چەکدارانی تاڵیبان بۆ ناو کابوولی پایتەخت و بەجێهێشتنی وڵات لەلایەن ئەشرەف غەنییەوە، بە تەواوەتی کەوتە دەست ئەو گرووپە.

غەنی لەو کاتەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بووەتەوە و تۆمەتبار دەکرێت بەوەی بە ڕۆشتنەکەی بووەتە هۆی داڕمانی کتوپڕی هێزە ئەمنییەکان و دروستبوونی پشێوی لە فڕۆکەخانەی کابوول.

لە ئێستادا ئەفغانستان لەژێر حوکمی تاڵیباندا بەدەست قەیرانێکی قووڵی مرۆیی و ئابوورییەوە دەناڵێنێت و زۆربەی وڵاتانی جیهان تا ئێستا بە ڕەسمی دانیان بە حکوومەتەکەیاندا نەناوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.