کەناڵی جیو تی ڤیی پاکستانی ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئاگرێکی گەورە لە بەشی منداڵە ناکامەکان لە نەخۆشخانەیەکی پایتەخت کەوتەوە لانی کەم 14 منداڵی تازە لەدایکبوو گیانیان لەدەست دا
سەرچاوەکانی پۆلیس و تیمەکانی فریاگوزاریی ناوخۆیی ئاماژەیان بەوە کردووە، ئاگرەکە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەشی چاودێریی منداڵە تازە لەدایکبووەکانی سەر بە بەشی ژنان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەی پەیمانگای زانستە پزیشکییەکانی پاکستان لە ئیسلام ئاباد کەوتووەتەوە.
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کە هۆکاری ڕووداوەکە تەقینەوەی کۆمپرێسەر ئامێری ساردکەرەوە بووە لە ناو بەشەکەدا، کە بووەتە هۆی کڵپەسەندنی کتوپڕی ئاگرەکە.
بەپێی زانیارییەکان، ڕووداوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانی کەم 14 منداڵ کە لەو کاتەدا لە ناو بەشی چاودێرییەکەدا بوون. لە ئێستاشدا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری ئاگرەکە بۆ بەشەکانی تری نەخۆشخانەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.