میدیاكانی ئێران ئاشكرایان كرد كە موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران و مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ سێشەممە كۆبوونەتەوە، كۆبوونەوەكە 7 كاتژمێری خایاندووە و هەردوولا بە وردی باسی چەندین بابەتی ناوخۆیی و دەرەكیان كردووە، لەنێویاندا پلانی رووبەڕووبوونەوەی سزا ئابوورییەكانی ئەمریكا.
ماڵپەڕی فەرمیی ڕێبەری باڵای ئێران بڵاوی كردۆتەوە: کۆبوونەوەیەک لەنێوان موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵا و مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بۆ ماوەی حەوت کاتژمێری بەردەوام بەڕێوەچووە، لە كۆبوونەوەكەدا بە وردی تیشک خراوەتە سەر چەندین دۆسیەی تایبەت بە ئاڵنگارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.
لە كۆبوونەوەكەدا تیشك خراوەتە سەر تاوتوێکردنی گرنگترین ئەو ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕووی وڵات بوونەتەوە، لە سەروویانەوە گوزەرانی هاووڵاتییان، جیا لە هەڵسەنگاندنی دۆخی جەنگ و ئاسۆکانی قۆناغی داهاتوو.
بەگوێرەی سەرچاوەكە، خامنەیی و پزیشكیان تاوتوێی پێشهاتەکانی بواری سەربازی، ئۆتۆمبێل و داهات و سەرچاوەکان، بەڕێوەبردنی خەرجییەکان بە دراوی ناوخۆیی و بیانی و کەرتی وزەیان کردووە. هەروەها بە وردی باسی پلانی رووبەڕووبوونەوەی ئەو سزا ئابوورییانەی ئەمریكایان كردووە كە دوێنێ دووشەممە بەسەر ئێران سەپێنرا.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: ڕێبەری باڵا ڕاسپاردەی داوەتە سەرۆک کۆمار لەسەر پێویستیی پاراستنی یەکێتی و تەباییی ناوخۆیی، لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە نانەوەی ناکۆکی و پەرتەوازەیی لەم قۆناغەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.