Erbil 31°C شەممە 29 ئاب 10:17

لە ئێران قەیرانێكی گەورەی بەنزین هەیە و شوفێران ماوەیەكی زۆر لە نۆرەی وەرگرتندا دەمێننەوە

کوردستان TV
100%

وێستگەکانی سووتەمەنی لە تاران پایتەختی ئێران ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی کەمیی بەنزین بوونەتەوە و ڕیزێکی درێژی ئۆتۆمبێلەکان لەبەردەمیاندا دروست بووە، قەیرانەكەش دوێنێ دووشەممە بەتەواوەتی سەری هەڵداوە دوای ئەو زنجیرە سزا ئابوورییەی ئەمریكا كە بەسەر ئێرانی سەپاند.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕێکخراوی گەشەپێدانی بەکاربردنی وزەی ئێران، ئێستا لەو وڵاتە ڕۆژانە کورتهێنانی نزیکەی 15 ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، لە کاتێکدا داواکاریی ڕۆژانە لەو وڵاتە گەیشتووەتە 135 ملیۆن لیتر.

هۆکارەکانی دروستبوونی قەیرانی بەنزین لە ئێران

گەماڕۆی دەریایی و هێرشە سەربازییەکان: گەمارۆی دەریاییەكانی ئەمریکا لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر پاڵاوگەكان، توانای ئێرانیان بۆ دابینکردن و بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.

نادیاریی دۆخەکە و ترسی هاووڵاتییان: ترس لە هەڵگیرسانی جەنگ یان بەرزبوونەوەی نرخەکان وای کردووە هاووڵاتییان بەپەلە ڕوو لە وێستگەکان بكەن. بەو هۆیەوە ئێستا لە وێستگەكان بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک تەنها 20 لیتر بەنزین دەدەن.

شەڕی ئابووری: ئەم دۆخە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی نوێی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەژێر ناوی (شەڕی ئابووری) دژ بە تاران.

گوشاری نرخ و پاڵپشتیی حکوومەت

حکوومەتی ئێران ئاماژە بەوە دەکات کە سیستەمی ئێستای پاڵپشتیی نرخی سووتەمەنی بەهۆی هەڵئاوسانی بەرز و تێکچوونی هێڵەکانی دابینکردنەوە ئیتر توانای جێبەجێکردنی نەماوە.

لای خۆیەوە مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاندووە کە فرۆشتنی بەنزینی پاڵپشتیكراو و بە نرخێک لە خوار نرخی بازاڕ، گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر بودجەی پاڵپشتیی خۆراک و کرێکاران.

لە لایەکی ترەوە، موحسین حاجی میرزایی سەرۆکی مەکتەبی سەرۆک کۆمار ڕایگەیاند کە حکوومەت بەنیازی کەمکردنەوەی پشکی بەنزینە، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر بەرزکردنەوەی نرخ نەدراوە.

هەموو ئەمانەش لە کاتێکدایە کە بەهای تومەنی ئێرانی دابەزیوە بۆ نزیکەی دوو ملیۆن ڕیاڵ بەرامبەر یەک دۆلار، هەڵئاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە نزیکەی 90% و هەڵئاوسانی خۆراکیش 30%ی تێپەڕاندووە.

پەرلەمان دژی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزینە

سومەییە ڕەفیعی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندووە کە پەرلەمان بەشێوەیەکی گشتی دژی هەر زیاکردنێکی نرخی بەنزینە و جەختی کردەوە کە خەڵک نەبێت باجی کێشە بەرهەمهێنانییەکان بدات.

دیاریکردنی نرخی بەنزین بابەتێکی زۆر هەستیارە لە ئێران؛ حکوومەت بەم دواییانە تاقیکردنەوەیەکی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین لە پارێزگای کرمان ئەنجام دا و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بەناچاری بەرزكردنەوەكەی نرخی ڕاگرت، چونكە مەترسی سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2019ی دروست كردبوو.

 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.