Erbil 31°C پێنجشەممە 27 ئاب 08:10

چۆن گەشتێکی ڕاوکردن بووە هۆی دامەزراندنی گەورەترین زانیارینامەی جیهانیی گینیس ؟

کوردستان TV
100%

چیرۆکی زانیارینامەی جیهانیی گینیس بۆ ژمارە پێوانەیییەکان بۆ تشرینی دووەمی ساڵی 1951 دەگەڕێتەوە، کاتێک هیو بیڤەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گینیس، لە گەشتێکی ڕاوکردندا بوو لە ناوچەی وێکسفۆرد لە ئیرلەند.

لەو گەشتەدا، دەمەقاڵێ لە نێوان هیو و هاوڕێکانی دروست بوو دەربارەی ئەوەی کام باڵندەی ڕاوکردن لە ئەوروپادا خێراترینە. سەرەڕای گەڕانیان لەو سەرچاوانەی پێیان بوو، نەیانتوانی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بدۆزنەوە. ئەم مەتەڵە بیڤەری خستە بیرکردنەوە؛ ئەو تێبینی کرد کە لە بەریتانیا و ئیرلەند زیاتر لە 80,000 یانە و شوێنی کۆبوونەوە هەن کە هەموو شەوێک گفتوگۆی هاوشێوەیان تێدا دەکرێت، بەڵام هیچ کتێبێک نییە وەڵامی ئەو جۆرە پرسیارانە بداتەوە.

بیڤەر بڕیاریدا کتێبێک بڵاو بکاتەوە کە باشترین ژمارە پێوانەیییەکانی جیهان بپێورێت و دۆکیومێنت بکرێت. بە هاوکاری کریستوفر چاتاوای و هەردوو برا ماکوێرتەر، یەکەم چاپی کتێبەکە لە 27-08-1955 بڵاوکرایەوە، کە لە 198 لاپەڕە پێکهاتبوو. سەرەتا کتێبەکە تەنها 6 داواکاری کڕینی بۆ هات، بەڵام زۆری نەخایاند ناوبانگی دەرکرد و لە کۆتایی هەفتەی یەکەمدا 10,000 دانەی لێ فرۆشرا.

سەرەتا گینیس وەک سەرچاوەیەکی زانستیی ورد سەیر دەکرا، بەڵام بەرەبەرە گۆڕا بۆ تۆمارکردنی دەستکەوتە مرۆییە جیاوازەکان لە بوارەکانی وەرزش، تەکنەلۆژیا، هونەر و دیاردە سروشتییەکان. لە ساڵی 1999ـەوە ناوی ڕێکخراوەکە گۆڕدرا بۆ Guinness World Records و لە ئێستادا خاوەندارێتییەکەی بۆ گرووپی Jim Pattisonی کەنەدی دەگەڕێتەوە.

مەرجەکانی تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی بۆ ئەوەی ناوێک لە گینیسدا تۆمار بکرێت، دەبێت ئەم پێوەرە توندانەی تێدا بێت:

  - دەبێت بپێورێت (Measurable).

  - دەبێت توانای شکاندنی هەبێت (Breakable).

  - دەبێت یەکگرتوو بێت و بەڵگەی وەک (وێنە، ڤیدیۆ و شایەتحاڵ)ی هەبێت.

  - تۆمارکردنی ئەو کارانەی مەترسی لەسەر ژیان دروست دەکەن، قەدەغەیە.

سەیرترین ژمارە پێوانەیییەکان لە جیهاندا:

درێژترین زمان: هی ئەمریکییەکەیە بە ناوی نیک ستۆیبەرڵ کە درێژییەکەی 10.1 سم‌ـە.

 نەرمترین پێست: هی هاری تیرنەری بەریتانییە کە پێستی بە بڕی 15.8 سم دەکشێت.

زۆرترین داوای یاسایی: جۆناسان لی ڕیچاردزی ئەمریکی، کە داوای یاسایی لە دژی زیاتر لە 4,000 کۆمپانیا و سەرمایەدار تۆمار کردووە، تەنانەت داوای یاسایی لە دژی خودی گینیسیش تۆمار کردووە!

 کێشانی شەمەندەفەر بە ڕیش: ئیسماعیل ڕیڤاس فاکۆنی ئیسپانی، توانی شەمەندەفەرێک بە کێشی 2753.1 کگم بە ڕیشی ڕابکێشێت.

شکاندنی سەرئاو بە سەر: کیڤن شێڵی ئەڵمانی، لە ماوەی یەک خولەکدا 46 تەختی دانیشتنی سەرئاوی بە سەرەکەی شکاندووە.

ئێستا گینیس تەنها کتێبێک نییە، بەڵکو سیستەمێکی جیهانییە کە لە ڕێگەی سایت و ئەپڵیکەیشنەوە کار دەکات و هەموو کەسێک لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، دەتوانێت داواکاری بۆ تۆمارکردنی دەستکەوتە ناوازەکانی پێشکەش بکات.

 

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.