شەش فیدراسیۆنی نیشتمانیی تۆپی پێ لە وڵاتانی باکووری ئەوروپا، فشارەکانیان بۆ سەر جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی جیهان (FIFA) توندتر کردەوە و بە فەرمی ڕایانگەیاند کە متمانەیان سەرکردایەتییەکەی نەماوە.
فیدراسیۆنەکانی (سوید، نەرویج، فینلەندا، دانیمارک، ئایسلەندا و دوورگەکانی فارۆ) لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕی بەرامبەر شێوازی حوکمڕانیی ڕێکخراوەکە و میکانیزمەکانی بڕیاردان لە بەرزترین ئاستەکاندا. ئەم وڵاتانە جەختیان کردەوە کە هاوهەڵوێستی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپان و پشتگیری لەو ڕێکارانە دەکەن کە پێشنیار کراون.
ئینفانتینۆ ڕووبەڕووی فشاری زۆر بووەتەوە بۆ دەستلەکارکێشانەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی پلانەکانی بۆ فرۆشتنی مافە بازرگانییەکانی پاڵەوانێتیی مۆندیال بە وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت، کاردانەوەی توندی لە لایەن فیدراسیۆنەکانی ئەوروپا، ئاسیا و ئەمریکای باکوور لێکەوتەوە.
وڵاتانی باکووری ئەوروپا داوا دەکەن فیفا گەرەنتی بدات کە ڕێگە نادرێت کەرتی تایبەت ببێتە خاوەنی پاڵەوانێتییەکان یان حوکمڕانیی ڕێکخراوەکە. هەروەها داوای پێداچوونەوەیەکی سەربەخۆ و گشتگیر بۆ چوارچێوەی حوکمڕانیی فیفا دەکەن، تاوەکو دڵنیابنەوە لەوەی ڕێکخراوەکە پابەندە بە بنەماکانی سەربەخۆیی، شەفافیەت و لێپرسینەوە، کە بڕیار بوو لە ساڵی 2016ـەوە جێگیر بکرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.