یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، لە پەیامێکی فەرمیدا بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکوومەت لە هەولێر.
گولەر لە پەیامەکەیدا کە ڕۆژی سێشەممە 18ی ئابی 2026 ئاراستەی هەولێری کردووە، هێرشەکەی بە کارێکی "قبوڵنەکراو" وەسف کرد کە ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە دەکاتە ئامانج.
وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە کە بە نیگەرانییەکی قووڵەوە زانیارییەکانی دەربارەی هێرشکردنە سەر نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت لە ڕێگەی دوو درۆنی "کامیکازی" پێگەیشتووە.
ناوبراو لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە تورکیا هەمیشە لە تەنیشت دۆستەکانی دەبێت لە دژی ئەو لایەنانەی دەیانەوێت ناوچەکە بخزێننە ناو ئاڵۆزی و کێشەوە، هەروەها هاوسۆزیی خۆی و وەزارەتەکەی بۆ مەسرور بارزانی دەربڕی و هیوای سەلامەتی بۆ خواست.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، یاشار گولەر هیوای خواست کە ئاشتی و ئەمنییەت لە ناوچەکەدا بەرقەرار ببێت و وڵاتانی دراوسێ بە ئارامی بەردەوامی بە ژیانیان بدەن.
ئەم هەڵوێستەی ئەنقەرە دوای هێرشەکەی بەرەبەیانی ١٧ی ئاب دێت، کە تێیدا نووسینگەی سەرۆکی حکومەت و ماڵی بەرپرسێکی باڵای ئەمنی لە هەولێر کرانە ئامانج، ئەمەش کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە و وەک پەرەسەندنێکی مەترسیدار لە دۆخی ئەمنیی ناوچەکەدا سەیر دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.