Erbil 31°C چوارشەممە 19 ئاب 06:08

مەسرور بارزانی و پارێزگاری سلێمانی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئاگرکەوتنەوە تاووتوێ دەکەن

Kurdistan Ahmed
100%

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە (18ی ئابی 2026)، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی، بەدواداچوونی بۆ دۆخی ئاگرکەوتنەوەکانی دوێنێ شەو و ئەمڕۆی شارەکە کرد. سەرۆکی حکوومەت نیگەرانیی قووڵی خۆی لە دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوانە دەربڕی کە زیانیان بە سەلامەتی و سامانی هاووڵاتیان گەیاندووە.

لە میانی پەیوەندییەکەدا، مەسرور بارزانی پارێزگار و بەرپرسانی پەیوەندیداری سلێمانی ڕاسپارد کە ڕێکارەکانی پاراستنی سەلامەتیی گیان و ماڵی هاووڵاتیان توندتر بکەن تاوەکو ڕێگری لە کارەساتی هاوشێوە بگیرێت. هەروەها سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە سەرجەم دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم لە ئامادەباشیدان بۆ پێشکەشکردنی هەر جۆرە هاوکاری و پشتیوانییەک کە پارێزگای سلێمانی پێویستی بێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە.

لە کۆتایی قسەکانیدا، مەسروور بارزانی هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ ئەو هاووڵاتییانە خواست کە لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکاندا بریندار بوون. ئەم هەوڵانەی سەرۆکی حکوومەت لە کاتێکدایە کە ڕێژەی ئاگرکەوتنەوە لە ناوەندە بازرگانی و گشتییەکانی هەرێم لەم وەرزەدا ڕووی لە زیادبوون کردووە، ئەمەش پێویستیی بە هەماهەنگیی زیاتری نێوان لایەنە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان هەیە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.