Erbil 31°C سێشەممە 18 ئاب 23:46

ڕانیە؛ تۆمەتبارێکی 16 ساڵان بەهۆی هەڕەشەی 'ئەلیکترۆنی' لە کچێک دەستگیر کرا

100%

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، کە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ پۆلیسی هەولێر، توانیویانە تۆمەتبارێکی نەوجەوان دەستگیر بکەن کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتیی لە کچێکی تەمەن خوار 18 ساڵ کردووە بەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارە.

ڕووداوەکە نزیکەی 10 ڕۆژ پێش ئێستا دەستی پێکرد، کاتێک کچەکە و دایکی سکاڵای یاسایییان لە نووسینگەی نەهێشتنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی تۆمار کرد. دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی تیمی ئایتی (IT) و پۆلیسی ڕاپەڕین، توانرا شوێنی تۆمەتبارەکە لە شاری هەولێر دیاری بکرێت و شەوی ڕابردوو دەستگیر بکرێت.

تۆمەتبارەکە کە ناوی بە پیتی کورتکراوەی (ڕ.ڕ.س) ئاماژەی پێ دراوە و تەمەنی تەنها 16 ساڵە، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە وێنە و ڤیدیۆی ئەو کچەی لای بووە و وەک ئامرازی فشار بۆ سەرانەسەندن بەکاری هێناون. لە ئێستادا تۆمەتبار بەپێی ماددەی 2 لە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامن.

پۆلیسی ڕاپەڕین لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا هۆشداریی داوەتە دایکان و باوکان کە چاودێریی وردی بەکارهێنانی مۆبایل و ئینتەرنێت لای منداڵەکانیان بکەن، بەتایبەت ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 18 ساڵە، تاوەکو نەبنە نێچیری پەیوەندییە سۆزدارییە نادروستەکان و تووشی کارەساتی کۆمەڵایەتی و دەروونی نەبنەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.