وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە ڕاگەیاندراوێکدا ئیدانەی هێرشکردنە سەر نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی کرد و هاوسۆزیی تەواوەتیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی ئاب، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە: دەوڵەتی قەتەر سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ماڵی سەرۆکی ئاژانسی ئاسایش و هەواڵگری لە پارێزگای هەولێر دەکات و بە پێشێلکارییەکی زەق بۆ سەر سەروەریی کۆماری عێراقی برا، هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنێکی ئاشکرای بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی دادەنێت.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جەخت لەسەر پێویستیی دوورخستنەوەی ناوچەکە لە لێکەوتەکانی هێرشە بێ پاساوەکان دەکاتەوە، لەگەڵ بەردەوامبوون لە ڕێڕەوی گفتوگۆ و دیپلۆماسی و کەمکردنەوەی گرژییەکان، بەو شێوازەی بەشدار بێت لە جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا.
وەزارەتەکە هاوسۆزیی تەواوەتیی دەوڵەتی قەتەر لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە، هاوشان لەگەڵ پاڵپشتیکردنی بۆ سەرجەم ئەو ڕێکارانەی کە بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی خۆیان دەیانگرنەبەر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.