سەرەڕای لێدوانە دڵنیاکەرەوەکانی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دابەزینی نرخەکان، نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرزبوونەوەی نوێی تۆمار کرد و ئاستی 90 دۆلاری تێپەڕاند، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان لە گەرووی هورمز.
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە نرخەکانی نەوت ڕوویان لە دابەزینە، بەڵام ڕێک لەو ساتەدا نرخەکان بە بڕی 2.5 دۆلار بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینی. ئاژانسی "تەسنیم"ی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، کە لە ئێستادا نەوت لە دەوروبەری 92 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە نرخەکان ڕەوتێکی سەرکەوتنیان گرتووەتە بەر، بەڵام دوای کۆتاییهاتنی وادەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بەرەبەیانی دوێنێدا، بازاڕەکانی نەوت بە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو کرانەوە.
پێشهاتە ئەمنییەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر نرخەکان هەبووە؛ پێش چەند کاتژمێرێک، کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئیماراتی لە ڕێڕەوی ئێرانی لە ناو گەرووی هورمز ڕاگیرا و لە نزیك دوورگەی "قەشم" وەستێندرا. سەرەڕای ئەم ڕووداوە، تڕەمپ دەڵێت: "گەرووەکە لەژێر بەڕێوەبردنی ئێمەدایە و کراوەیە و نرخەکانیش دادەبەزن"، بەڵام ئامارەکان پێچەوانەی ئەمە دەردەخەن.
نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 90.98 دۆلار.
نەوتی خاوی ئەمریکی گەیشتە 84.55 دۆلار.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.