Erbil 31°C سێشەممە 18 ئاب 14:04

دەرمانێکی باوی ئازارشکێن دەبێتە هۆی تێکچوونی جگەر و زیانی درێژخایەن

100%

ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی نوێ، کە ماوەی 25 ساڵی خایاندووە، ئاشکرای دەکات کە ڕێژەی تێکچوونی جگەر بەهۆی بەکارهێنانی دەرمان و تەواوکەرە خۆراکییەکانەوە بە شێوەیەکی مەترسیدار زیادی کردووە. لە نێو هەموو ماددەکاندا، دەرمانی "پاراسیتامۆڵ" وەک هۆکاری سەرەکیی ئەم پێکانانە دەستنیشان کراوە.

توێژەران لە ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکا، داتای نزیکەی 220,000 حاڵەتی ژەهراویبوونی جگەریان لە ماوەی نێوان ساڵانی 2000 تاوەکو 2024 شیکردەوە. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە ڕێژەی پێکانەکانی جگەر لە 10.9 حاڵەت بۆ هەر ملیۆن کەسێک لە ساڵی 2000، گەیشتووەتە 52.9 حاڵەت لە کۆتایی ساڵی 2024دا، ئەمەش بەواتای زیادبوونی ڕێژەکە بە زیاتر لە 4 هێندە دێت.

بەپێی توێژینەوەکە، دەرمانی "پاراسیتامۆڵ" (Paracetamol) کە بە (Acetaminophen)ـیش ناسراوە، زۆرترین کاریگەریی نەرێنیی لەسەر جگەری بەکارهێنەران هەبووە. ئامارەکان دەریدەخەن کە ئەم دەرمانە بەرپرس بووە لە 45%ـی حاڵەتەکانی تێکچوونی جگەر لە نێو ژنان و 33% لە نێو پیاواندا.

دکتۆر کریستۆفەر هۆڵستیگ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە ڕایگەیاند؛ پاراسیتامۆڵ ئەگەر بە ژەمی دیاریکراو بەکاربێت بێ زیانە، بەڵام مەترسییەکە لەوەدایە کە خەڵکی بە نائاگایی ژەمی زیادە وەردەگرن. زۆرجار کەسێک پاراسیتامۆڵ دەخوات و لە هەمان کاتدا دەرمانێکی تری پەیوەست بە هەڵامەت و ئەنفلوەنزا بەکاردەهێنێت کە ئەویش هەمان ماددەی تێدایە، ئەمەش دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی ماددە ژەهراوییەکان لە خانەکانی جگەردا.

نیشانەکانی تێپەڕاندنی ژەمی پێویست بریتین لە دڵتێکهەڵاتن، ئازاری سک، گێژبوون و زەردوویی (زەردبوونی پێست و سپێنەی چاو). لە حاڵەتە سەختەکاندا، ڕەنگە زیانەکان ئەوەندە توند بن کە نەخۆش پێویستی بە چاندنی جگەر بێت یان ببێتە هۆی گیانلەدەستدان. لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە "کحوول" لە پلەی دووەمی ئەو ماددانە دێت کە زیانی گەورەیان بە جگەر گەیاندووە.

پسپۆڕانی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکەن، بە هیچ شێوەیەک بەبێ ڕاوێژی پزیشک و خوێندنەوەی ڕێنمایی ناو دەرمانەکان، هیچ جۆرە ئازارشکێنێک بەکارنەهێنن و ئاگاداری بڕی ئەو ژەمە بن کە ڕۆژانە دەیخۆن.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.