پۆلیسی ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا ڕایگەیاند، کە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە (12ی ئابی 2026)، ڕووداوێکی خوێناوی لە ناوچەی مینیۆپۆلیس ڕوویداوە کە تێیدا پیاوێکی تەمەن 41 ساڵان هاوسەرەکەی و کچە تەمەن 7 ساڵانەکەی و یەکێک لە خزمە بەتەمەنەکانی خۆی کوشتووە، و پاشان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
ڕووداوەکە لە کاتژمێر 9:00ی بەیانی لە ناو سەنتەرێکی چاودێریی منداڵان (Daycare) لە شارۆچکەی "هۆپکینز" دەستی پێکرد، کاتێک پیاوەکە بە چەقۆ هێرشی کردە سەر هاوسەر و کچەکەی و کوشتنی و پاشان بە دەمانچە تەقەی لە خۆی کرد. چەند کاتژمێرێک دواتر، پۆلیس تەرمی ژنێکی تەمەن 78 ساڵانیان لە شارۆچکەی "بێرنسڤیڵ" دۆزییەوە کە خزمێکی نزیکی بکوژەکە بووە و ئەویش بە چەقۆ کوژرابوو.
بەپێی گوتەی برێنت جۆنستن، بەڕێوەبەری پۆلیسی هۆپکینز، لە کاتی ڕووداوەکەدا 6 منداڵی دیکە لە ناو سەنتەرەکەدا بوون، بەڵام خۆشبەختانە هیچ کامیان زیانیان پێ نەگەیشتووە و بە سەلامەتی ڕزگار کراون. پۆلیس دەڵێت هێشتا ڕوون نییە کە ئایا ئەو منداڵە بچووکانە شاهیدی دیمەنە خوێناوییەکە بوون یان نا، بەڵام جەختیان کردەوە کە ئەمە ڕۆژێکی یەکجار تاریک و "دیمەنێکی ترسناکە" بۆ ئەو منداڵانە.
لێکۆڵینەوەکان لەبارەی پاڵنەرەکانی پشت ئەم زنجیرە تاوانە بەردەوامن و پۆلیس دەڵێت هیچ زانیارییەکی پێشتریان لەسەر بوونی کێشەی خێزانی لەم ماڵانەدا نەبووە. پاتریك هانلۆن، سەرۆکی شارەوانی هۆپکینز، ڕایگەیاند کە تەواوی شارەکە بەهۆی ئەم لەدەستدانە گەورەیەوە لە ماتەمیندایە و فرمێسکی زۆریان بۆ ئەو قوربانییانە ڕشتووە کە بەهۆی توندوتیژیی خێزانییەوە بوونە قوربانی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.