Erbil 31°C سێشەممە 11 ئاب 22:56

خۆرگیران نرخی هۆتێلەكانی لە ئەوروپا گەیاندە لووتکە

100%

پاش ئەو قەیرانە گەورەیەی بەهۆی ئاگری دارستانەکانەوە ڕووبەڕووی بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا بووەوە، ئێستا دیاردەی خۆرگیرانی تەواو بووەتە هۆی بووژانەوەیەکی چاوەڕواننەکراوی کەرتی گەشتیاری.

نرخی هۆتێلەکان لە هەندێک شاری ئایسلەندا و ئیسپانیا بۆ زیاتر لە دوو ئەوەندە بەرزبوونەتەوە، ئەوەش بەهۆی لێشاوی گەشتیاران بۆ بینینی یەکەمین خۆرگیرانی تەواو لەم سەدەیەدا کە لە کیشوەری ئەوروپاوە دەبینرێت.

نرخەکان گەیشتنە لوتکە بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەیFinancial Times ، تێکڕای نرخی ژوورێک لە هۆتێلەکانی ڕیکیاڤیکی پایتەختی ئایسلەندا، بۆ شەوی چوارشەممە کە ڕۆژی خۆرگیرانەکەیە، گەیشتووەتە زیاتر لە 1,000 دۆلار. ئەم نرخە بە ڕێژەی 140% بەرزترە بەراورد بە هەمان شەو لە ساڵی 2025. داواکارییەکان بە ڕادەیەک زۆرن کە بەشێکی زۆری هۆتێلەکان و شوێنە گەشتیارییەکان لە مانگی ئاداری ڕابردووەوە هیچ بەتاڵییەکیان نەماوە.

 لە ئیسپانیا کە کەرتی گەشتیارییەکەی بەهۆی گەورەترین ئاگر لە دارستانەکان لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا زیانێکی زۆری بەرکەوتبوو، ئێستا دیاردەی خۆرگیران هەناسەیەکی بە بەردا هێناوەتەوە. نرخەکان لە شاری لا کۆرۆنیا لە باکووری وڵات بۆ دوو ئەوەندە بەرزبوونەتەوە، هاوکات لە شارەکانی بیلباو و سانتیاگۆ دی کۆمبۆستێلا نرخەکان بە ڕێژەی 59% و 31% ڕوویان لە زیادبوون کردووە.

کاریگەریی ئەم دیاردەیە تەنها هۆتێلەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی وەک (Airbnb) گۆڕانکاری گەورەیان بەخۆیەوە بینیوە. لە ئایسلەندا کرێی خانووەکان لەو ناوچانەی خۆرگیرانەکەی تێدا دەبینرێت بە ڕێژەی 53.7% زیادی کردووە. لە ئیسپانیاش، سەرەڕای زۆریی ژمارەی یەکە نیشتەجێبووەکان، نرخەکان بە تێکڕای 15.8% بەرزبوونەتەوە.

ئەم پەرەسەندنە گەورەیەی کەرتی گەشتیاری نیشانەی گرنگیی دیاردە گەردوونییەکانە لە ڕاکێشانی گەشتیار و بووژانەوەی ئابووریی وڵاتان، تەنانەت پاش قەیرانە سروشتییە سەختەکانیش.

جیهان هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.