ئەمڕۆ دووشەممە (10ی ئابی 2026)، فۆڕمێکی باڵای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە سەرۆکایەتی ژەنراڵ ئیال زامیر سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل و بە بەشداریی فەرماندە باڵاکانی سەرجەم یەکەکان بەڕێوەچوو. لەم کۆبوونەوەیەدا کە تیشک خرایە سەر پێشهاتە هەواڵگری و مەیدانییەکانی چەندین بەرەی جیاواز، ئەدمیراڵ براد کووپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) وەک میوانێکی سەرەکی ئامادە بوو تاوەکو لەگەڵ لایەنی ئیسرائیلی هاوبەشییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ناو جەرگەی ململانێکاندا تاووتوێ بکەن.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، فەرماندەی سێنتکۆم جەختی لەسەر قوڵیی پەیوەندیی مێژوویی نێوان سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەم هاوکارییە بێ وێنەیە و ڕەگەزێکی سەرەکییە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. ژەنراڵ ئیال زامیر لای خۆیەوە هاوبەشی لەگەڵ واشنتنی وەک کۆڵەکەیەکی ستراتیژی وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە هەماهەنگییەکانی نێوانیان لە چەندین قۆناغی شەڕەکەدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە.
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لە وتارێکدا بۆ فەرماندە مەیدانییەکان ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لەبەردەم "وەرچەرخانێکی ستراتیژیی گەورەدایە" و سوپای ئیسرائیل لە ئێستادا خەریکی بەڕێوەبردنی ململانێیەکی بەرفراوان و هەمەلایەنەیە. زامیر ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەرچی لە ئێستادا گفتوگۆ و دانوستانە سیاسییەکان لە ئارادان، بەڵام ئەمە بەرهەمی ئەو "دەستکەوتە مێژووییە سەربازییانەیە" کە سوپا بەدەستی هێناون، بۆیە پێویستە هێزەکان لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن بۆ هەر ئەگەرێکی گەڕانەوە بۆ "شەڕی چڕ و کوشندە."
ژەنراڵ زامیر جەختی کردەوە کە ئەرکی سوپا تەنها کاردانەوە نییە، بەڵکو دەبێت "کاریگەری لەسەر واقیع دروست بکات" و دەسپێشخەرییە تاکتیکییەکان لە دەستی خۆیدا بهێڵێتەوە. ئەو وتی کە سوپا لە ئێستادا لە قۆناغێکی "گواستنەوەدایە" و سەرەڕای پێویستیی هێزەکان بۆ حەوانەوە، بەڵام نابێت وریایی و یەقینی خۆیان لەدەست بدەن. ئامانجی سەرەکی لەم قۆناغەدا پاراستنی دەستکەوتەکان و بونیادنانی هێزێکی نوێیە کە بتوانێت لەگەڵ هەر سیناریۆیەکی کتوپڕدا مامەڵە بکات و ئاسایشی هاوڵاتیانی ئیسرائیل بپارێزێت.
ئەم دیدارە سەربازییە ئاستبەرزە لە کاتێکدایە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان هیوای گەیشتن بە ڕێککەوتنی سیاسی و مەترسیی هەڵگیرسانەوەی شەڕێکی فراوانتردایە. ئامادەبوونی فەرماندەی سێنتکۆم لە ناو جەرگەی کۆبوونەوەی فەرماندە ئۆپەراسیۆنییەکانی ئیسرائیل، پەیامێکی ڕاشکاوە بۆ تاران و گرووپە بریکارەکانی کە واشنتن و تەلئەڤیڤ لەسەر یەک هێڵی ستراتیژیی هاوبەش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر پەرەسەندنێکی نوێ وەستاون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.