بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە هاوکاری جەنەراڵ ئێرێز ئیسکێل، سەرۆکی فەرمانگەی نیشتمانیی ژیریی دەستکرد، پڕۆژەی نیشتمانیی ژیریی دەستکردی (AI) ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوە لە کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ سەرجەم ئاژانسە حکوومەتییەکان بەڕێوەچوو، کە لە مانگەکانی ڕابردوودا سەرقاڵی داڕشتنی ئەم ستراتیژییە بوون.
نەتانیاهۆ جەختی کردەوە کە ئەم پڕۆژە نیشتمانییە دوو ئامانجی سەرەکی دەپێکێت؛ یەکەمیان گۆڕینی ئیسرائیل بۆ "زلهێزێکی جیهانی" لە بواری ژیریی دەستکرددا، و دووەمیان مسۆگەرکردنی گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکە. ئەم پڕۆژەیە بەرفراوانکردنی بڕیاری پێشووی حکوومەتە و وردەکاریی ئەو هەنگاوانە لەخۆ دەگرێت کە پێویستن بۆ مانەوەی ئیسرائیل وەک پێشەنگی تەکنەلۆژیا.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە وتارەکەیدا وتی: "ئێمە لەبەردەم سەردەمێکی نوێداین؛ ژیریی دەستکرد تەنها تەکنەلۆژیا نییە، بەڵکو جیهان دەگۆڕێت." ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە خێرایی گۆڕانکارییەکان هێندە زۆرە، ئەگەر هەر ئێستا هەنگاو نەنێن، لە کاروانی مێژوو جێدەمێنن. نەتانیاهۆ بەراوردی ئەم قۆناغەی بە "شۆڕشی پیشەسازی" کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل دەیەوێت لە پلەی یەکەمی جیهاندا بێت.
نەتانیاهۆ باسی لە ئەزموونی وڵاتەکەی کرد لە کەرتی "سایبەر"دا و وتی: "پێش 10 ساڵ وتم ئیسرائیل دەبێتە یەکێک لە 5 وڵاتە یەکەمەکەی جیهان، ئەمڕۆ ئێمە لە پلەی دووەمی وەبەرهێنانی سایبەردایین لە دوای ئەمریکا." ئەو بەڵێنی دا کە هەمان ئەم سەرکەوتنە لە بوارەکانی کشتوکاڵ، پزیشکی و تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرددا دووبارە بکەنەوە بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی گەشتر بۆ منداڵانی ئیسرائیل.
لە لایەکی دیکەوە، جەنەراڵ ئێرێز ئیسکێل ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پڕۆژەیە سوود لە خاڵە بەهێزەکانی ئیسرائیل دەبینێت، بەتایبەتی لە بواری ژێرخانی کۆمپیوتەری زەبەلاح و کۆمپیوتەری کوانتەمیی نیشتمانی. ئەو وتی: "سەرمایەی مرۆیی ئیسرائیل بزوێنەری ڕاستەقینەی ئێمەیە." ئیسکێل سوپاسی نەتانیاهۆی کرد بۆ دامەزراندنی ئەم فەرمانگەیە لە پێش نیو ساڵەوە، کە ئێستا ئەنجامە کردەییەکانی دەرکەوتوون.
ئەم کۆنفرانسە بە بەشداریی فراوانی نوێنەرانی وەزارەتەکانی بەرگری، دارایی، وزە، تەندروستی و پەروەردە و چەندین دامەزراوەی تر بەڕێوەچوو. چاودێرانی تەکنەلۆژیا پێیان وایە، ئەم جووڵەیەی تەلئەڤیڤ پەیامێکی ڕاشکاوە بۆ جیهان کە ئیسرائیل دەیەوێت جڵەوی "شۆڕشی تەکنەلۆژیی نوێ" بگرێتە دەست تاوەکو ئاسایش و پێگەی سیاسیی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بپارێزێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.