Erbil 31°C شەممە 08 ئاب 11:43

بۆ یەکەم جار زێلێنسکی سەردانی سڕبیایی کرد

100%

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕۆژی شەممە (8ی ئابی 2026) یەکەمین سەردانی فەرمیی خۆی بۆ وڵاتی سڕبیا ئەنجامدا، کە وەک یەکێک لە هاوپەیمانە دێرین و ستراتیژییەکانی ڕووسیا دەبینرێت. ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە کیێڤ هەوڵ دەدات بەرەی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ وڵاتەکەی فراوان بکات لە بەرامبەر هەڵکشانی بۆردومانە خوێناوییەکانی مۆسکۆ.

پێش گەیشتنی زێلێنسکی بۆ بێلگراد، ڕووسیا بۆردومانێکی چڕی ئاراستەی شاری کیێڤ و دەوروبەری کرد، کە بووە هۆی کوژرانی 3 کەس و برینداربوونی 7ی دیکە. سەرۆکی ئۆکرانیا دوای گەیشتنی، لەگەڵ ئەلیکساندەر ڤوچیچ، سەرۆک کۆماری سڕبیا کۆبووەوە تاوەکو باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان، هاوکارییەکانی یەکێتی ئەوروپا و پرسە ئەمنییەکان بکەن.

ڤوچیچ لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گەشبینیی خۆی نیشاندا و ڕایگەیاند کە ئەم سەردانە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەو بوارانەی کە جێگەی بایەخی هەردوولان. یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە، هاوکارییە لە کەرتی وزەدا؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە سڕبیا بۆ دابینکردنی سووتەمەنی پشت بە ڕووسیا دەبەستێت و تاوەکو ئێستا ئامادە نەبووە بچێتە ناو لیستی ئەو وڵاتانەی کە سزایان بەسەر مۆسکۆدا سەپاندووە.

بەرپرسێکی باڵای ئۆکرانیا ئەم سەردانەی وەک "زەبرێک" بۆ مۆسکۆ وەسف کرد، چونکە کیێڤ دەیەوێت سڕبیا لە بەرەی ڕووسیا دوور بخاتەوە. هەروەها باس لە دۆسیە ئەمنییە هەستیارەکان کرا، بەتایبەتی دوای ئەوەی پێشتر دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕووسیا، کۆمپانیا سڕبییەکانیان تۆمەتبار کردبوو بەوەی لە ڕێگەی لایەنی سێیەمەوە چەک و تەقەمەنی بە ئۆکرانیا دەفرۆشن، هەرچەندە بێلگراد ئەوەی ڕەت کردبووەوە.

ئۆکرانیا لە ئێستادا بەدەست کەمیی یەکجار زۆری چەک و تەقەمەنییەوە دەناڵێنێت. تەنها لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوودا بەهۆی نەبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، ڕووسیا توانیویەتی بە ئاسانی زیانی گەورە بە کیێڤ بگەیەنێت و 17 کەس بکوژێت. زێلێنسکی پێشتر داوای سیستەمی "پاتریۆت"ی لە دۆناڵد ترەمپ کردبوو، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی کەمبوونی کۆگاکانی وڵاتەکەی لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، داواکارییەکەی ڕەت کردبووەوە.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ ڕەزامەندیی لەسەر زنجیرەیەک سزای نوێ بۆ سەر مۆسکۆ دەربڕی کە لە لایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە پەسەند کراون. ئەم یاسا نوێیە کەرتی وزەی ڕووسیا دەکاتە ئامانب و باجی 100% دەخاتە سەر ئەو پێنج وڵاتە سەرەکییەی کە نەوت و گازی ڕووسیا دەکڕن، لەوانە چین و هیندستان؛ ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ پەکخستنی تەواوەتیی ئابووریی جەنگی ڕووسیا دەبینرێت.

 

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.