نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی باڵای "هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت" لە بەغدا کرد، کە تێیدا سەرکردەکانی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق و هێزە سیاسییەکان جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا کردەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا خۆشحاڵی خۆی بۆ بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیە دەربڕی و ڕایگەیاند، کە تێیدا بارودۆخی گشتیی وڵات، تەحەداکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی و دوایین پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بە وردی تاووتوێ کراون. لایەنە بەشداربووەکان پابەندیی خۆیان بۆ بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومەت و بەدیهێنانی ئەولەویەتە نیشتمانییەکان، بەتایبەت لە بوارەکانی ئاسایش و خزمەتگوزاریدا دووپات کردەوە.
یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکانی کۆبوونەوەکە، پرسی چەکی دەرەوەی یاسا و ئاسایشی سنوورەکان بوو. نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردەکان هاوڕابوون لەسەر گرنگیی ئەوەی کە "عێراق وەک فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە و نەکرێتە مەیدانێک یان سەرچاوەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ." ئەم هەڵوێستە وەک پەیامێکی ڕاشکاو بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەبینرێت.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، سەرکردە سیاسییەکان پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەنگاوەکانی حکوومەتەکەی بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا دەربڕی. نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو لایەک بە ڕۆحیەتی بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی هاوبەشەوە کار بکەن تاوەکو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل بپارێزرێت و پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بەردەوام بێت.
چاودێرانی سیاسی ئەم کۆبوونەوەیەی "هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت" بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانن بۆ یەکخستنی گوتاری سیاسیی بەغدا و هەولێر لە بەرامبەر ئەو فشارە دەرەکییانەی کە مەترسییان بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دروست کردووە. بوونی سەرۆکی هەرێم لەم جۆرە کۆبوونەوانەدا، نیشانەی ڕۆڵی کاریگەری هەرێمی کوردستانە لە داڕشتنی بڕیارە ستراتیژییەکانی عێراقدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.