Erbil 31°C پێنجشەممە 06 ئاب 06:27

پارتی وەڵامێکی توندی پارێزگاری کەرکووک دەداتەوە

Kurdistan Ahmed
100%

ململانێ سیاسییەکان لە کەرکووک قۆناغێکی نوێی پێکدادانی زارەکییان بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی پارێزگاری شارەکە ماددەی 140ی دەستووری بە "هەڵەیەکی ستراتیژی" ناوبرد و پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئەم لێدوانانەی بە هەوڵێک بۆ "فیتنەگێڕی" وەسف کرد.

محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک، لە لێدوانێکی نوێدا کە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، ڕایگەیاند: "گەورەترین هەڵەی ستراتیژیی دەوڵەتی عێراق لە دوای ساڵی 2003 بەرامبەر بە کەرکووک کردبێتی، جێگیرکردنی ماددەی 140 بووە." ئەم هەڵوێستەی پارێزگار وەک ئاماژەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو میکانیزمە دەستوورییە دەبینرێت کە ئامانج لێی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ناوچە جێناکۆکەکانە.


مەكتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە توندی وەڵامی سەمعانی دایەوە و لێدوانەکانی بە "نابەرپرسیارانە" ناوبرد. پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە کە بانگەشەکردن بۆ نەمانی ماددەی 140، بەواتای "بێبەهاکردنی تەواوی دەستووری عێراق" دێت.

پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جۆرە لێدوانانە خزمەت بە بەرژەوەندیی پێکهاتەکانی کەرکووک ناکەن، بەڵکو "هەوڵێکی نابەجێن بۆ شکاندنی تەبایی و برایەتی و کارکردنە بۆ قووڵکردنەوەی کێشەکان." حیزبەکە هۆشداری دا کە ئەم زمانە سیاسییە تەنها دەبێتە هۆی دروستبوونی فیتنە لە ناو شارەکەدا.

ماددەی 140ی دەستووری عێراق یەکێکە لە هەستیارترین دۆسیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کە بڕیار بوو تا کۆتایی ساڵی 2007 کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان لە ڕێگەی ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و ڕیفراندۆمەوە چارەسەر بکات. بەڵام جێبەجێ نەکردنی ئەم ماددەیە بۆ ماوەی نزیکەی دوو دەیە، کەرکووکی کردووەتە مەیدانی کێبڕکێیەکی توندی سیاسی و نەتەوەیی.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ ڕێکخستنەوەی ئیدارەی خۆجێیی کەرکووک بەردەوامن. بەکارهێنانی دەستەواژەی "هەڵەی ستراتیژی" لە لایەن بەرزترین دەسەڵاتی کارگێڕیی شارەکەوە بەرامبەر بە ماددەیەکی دەستووری، ئاماژەیە بۆ قووڵبوونی درزەکان لە نێوان پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکاندا و ئەگەری ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخی شارەکە لە ئایندەیەکی نزیکدا.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.